یەکێتی و گۆڕان: پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان و داکۆکی لە داوا و پێویستییەکانی سلێمانی

09-05-2023 05:39
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی

پەرەگراف

تیمی یەکێتی و گۆڕان لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی کۆبوونەوەو جەخت لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەکەنەوە لە حکومەت و حیزب، "بۆ ئەوەی لە ئاستیچاوەڕوانی خەڵکدا بێت و بتوانرێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببنەوەو داکۆکی لە داوا ڕەواکانی و پێویستییەکانی سلێمانی بکەن".

راگەیەندراوی تیمی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی

تیمی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی کۆبوونەوە و پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەی دواپێشهات و گۆڕانکاری و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتوو و رێکخستنەوەی باشتری پەیوەندییەکان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ نۆیی ئایار لە سلێمانی بە سەرپەرشتی، مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو، قسە لەبارەی چۆنییەتی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەتایبەت و هەرێمی کوردستان بەگشتی کرا. هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی هەنووکەیی کراو لەو بارەیەشەوە باسیان لە دارشتنی سیاسەتی کاری هاوبەش وئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتوو کرد. 

کۆبوونەوەکە لەبەر رۆشنایی گۆڕانکاری و دواپێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکان، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت و حیزبیش پتەوتر بکرێن بۆ ئەوەی لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا بێت و بتوانرێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببن  و داکۆکی لە داوا ڕەواکانی و پێویستییەکانی سلێمانی بکەن.

هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێت هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیە بن کە خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بکرێت و هەردوو تیم راسپێردران کە بەهیچ شێوەیەک جیاکاری و جیاوازی ئینتیمای سیاسی نەبێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێ کردنی پلانی خزمەتکردنی هاوڵاتییان و پێکەوە خزمەتی باشتری سلێمانی بکەن.   

ئەمە سێیەم کۆبوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتییە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو و لەئاستی جیاجیادا کە ئەمانج لێیان بەهێزتر کردنی پەیوەندییەکان وجێبەجێ کردنی رێکەوتنەکانی نێوانیان لەپێناو خزمەتکردنی باشتری هاوڵاتیان. هەر بۆیەش بڕیار درا ئەم کۆبوونەوانە بەردەوامییان پێبدرێت.