وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی بڵاوکردەوە

10-05-2023 01:50

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوەو بە ١٧ ڕۆژ مووچە دابەش دەکرێت.

رۆژی یەکشەممە 14-05-2023 بە وەزارەتی تەندروستی دەست به دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەکرێت و لە 31-05-2023 بە خانەنشینی پێشمەرگە کۆتایی دێت.

ئەوەش دوای ئەوەدێت دوێنێ لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕی ٤٠٠ ملیار دینار لەڕێگای بانکی ڕەشیدو ڕافیدەینەوە گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. پێشتر عێراق بڕیاریدابوو ئەو پارەیە بۆ هەرێم بنێرێت بۆ مووچەی فەرمانبەران.

حکومەتی هەرێم لە دۆخێکی دارایی خراپدایە بە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە کە زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ زیاترە ڕاگیراوە و زیانی نزیکەى یەك ملیار دۆلاری بە كوردستان گەیاندووە، هەناردەی نەوت سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی هەرێم و پارەی مووچەی فەرمانبەرانە و هێشتا وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسان دیار نییە.

سەرەتای ئەم مانگە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەکردەوە کە ئەرکی ئەوانە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دابین بکەن و ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکەن.

هەرچەندە سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕێككەوتنێكیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە واژوو كرد و بەغداد بە فەرمی داوای لە ئەنقەرە كردووە هەناردەكردنەكە دەست پێ‌ بكاتەوە، بەڵام هێشتا توركیا ڕازی نەبووە.

بۆریی هەناردەی نەوت ڕۆژانە نزیكەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێم و ٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی كەركووكی هەناردەی بەندەری جەیهان دەكرد.ماوەی مانگێكە عێراق و هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنیان واژوو كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە میكانیزمێكی نوێ و لە ڕێی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ دەستی پێ نەكردووەتەوە.

ڕۆژی ٢٣-٣-٢٠٢٣، ژووری ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە دادگای پاریس، سكاڵای دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراق یەكلا كردەوە و توركیای ناچار كرد هەناردەی نەوتی هەرێم ڕابگرێت.