بەغدا بڕیاری ناردنی ٤٠٠ ملیار دیناری دیكەی بۆ هەرێم دا؛ مەترسیی ڕاگرتنی پارە لە بەغداوە هەیە

10-05-2023 05:58

پەرەگراف

بەغدا بڕیاری ناردنی ٤٠٠ ملیاری دیكەی بۆ هەرێمی كوردستان دا، بەڵام ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق زەنگی نەناردنی پارە لە بەغداوە لێ دەدات ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ نەكاتەوە.

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی ھەرێم لە بەغدا، ڕایگەیاند "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری داوە كە 400 ملیار دیناری دیكە بۆ ھەرێمی كوردستان ڕەوانە بكرێت و بووەتە بڕیار، ئێمەش لەسەر خەتین تا ڕێكارەكانی ناردنی تەواو بكرێن و هەوڵ دەدەین تا كۆتایی ھەفتەی داھاتوو ئەو پارەیەش بخرێتە سەر ھەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم كە بۆ مووچە تەرخان دەكرێت".

سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی ھەرێم لە بەغدا دەشڵێت "تاوەكو پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق پەسەند دەكرێت، بڕیارە مانگانە 400 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان ڕەوانە بكرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی سەرۆكی حكومەتی ھەرێم و سەرۆكوەزیرانی عێراق دایە".

حكومەتی هەرێم لە دۆخێكی دارایی خراپدایە بە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە كە ٤٧ ڕۆژە ڕاگیراوە و زیانی نزیكەی یەك ملیار دۆلاری بە كوردستان گەیاندووە، هەناردەی نەوت سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی هەرێم و پارەی مووچەی فەرمانبەرانە و بەو هۆیەوە تا ئێستا مووچەی مانگی چوار دابەش نەكراوە.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند "ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم كورتهێنانی بودجەی عێراقی زیاتر كردووە، لەبەر ئەوەی بەهای ئەو نەوتەی لە هەرێمەوە هەناردە دەكرێت، خراوەتە چوارچێوەی پڕۆژەبودجەی عێراقەوە كە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە بۆ خوێندنەوەی دووەم و پەسەندكردنی".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت "ئەگەر هەرێم نەوت هەناردە نەكات، هیچ بڕەپارەیەك لە بەغداوە وەرناگرێت و بەوەش كێشەیەكی نوێ‌ بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەر هەڵدەدات".

ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی دابەشكردنی مووچەی بڵاو كردەوە و بە ١٧ ڕۆژ مووچە دابەش دەكرێت، ڕۆژی یەكشەممە ١٤-٥ بە وەزارەتی تەندروستی دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت و لە ٣١-٥ بە خانەنشینی پێشمەرگە كۆتایی دێت.

ڕاگەیاندنی دابەشكردنی مووچە دوای ئەوەدێت بەغداد ٤٠٠ ملیار دینارەكەی بۆ هەرێمی كوردستان نارد و بڕیاری داوە ٤٠٠ ملیاری دیكەش بنێرێت.

سەرەتای ئەم مانگە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە ئەركی ئەوانە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دابین بكەن و ئەو ئەركە جێبەجێ دەكەن.

هەرچەندە هەرێم و عێراق ڕێككەوتنێكیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە واژۆ كرد و بەغداد داوای لە ئەنقەرە كردووە هەناردەكردنەكە دەست پێ‌ بكاتەوە، بەڵام هێشتا توركیا ڕازی نەبووە.

لە ٢٥ی ئازاری ئەمساڵ دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراق یەكلا كردەوە و توركیای ناچار كرد هەناردەی نەوتی هەرێم ڕابگرێت و ملیارێك و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووی عێراق بكاتەوە.