ڕۆژی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی عێراق دیاری كرا

10-05-2023 08:18

پەرەگراف

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كە لە لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی عێراق پێك دێت، ڕۆژی 17ی ئەم مانگەی بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق دیاری كرد.

هاوپەیمانێتییەكە ئەمڕۆ بە ئامادەیی سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە و دواتر لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجە دوای ئەوە دەبێت كە سەرجەم تێبینییەكان لەبەرچاو بگیرێن و پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتی بە شێوازێك دابڕێژرێتەوە، كە لەگەڵ كارنامەی حكومەت بگونجێت".

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانیی سەروەری، هاوپەیمانیی عەزم، بزووتنەوەی بابلیون، پارتی و یەكێتی پێك هاتووە، كە پێكەوە حكومەتی ئێستای عێراقیان بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی پێكهێناوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی 13-3-2023 پرۆژەیاسای بوودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و٢٠٢٥ پەسەند كرد و لە ڕۆژی 16ی هەمان مانگ بە فەرمی ڕادەستی ئەنجوومەنی نوێنەران كرد.

پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەی بودجەكەدا بە لە سەدا 12.6 جێگیر كراوە، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد.

دوو ڕۆژ دواتر مەسرور بارزانی ڕایگەیاند "پێشوازی لە پەسەندكردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەكەن و بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، میكانیزم و ڕێكاری پێویست دادەنێن بۆ ئەوەی بڕگەكانی ئەم یاسایە لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و عێراق جێبەجێ بكرێت".

حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا دەكات ئەم پڕۆژەیاسایە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لە ماوەیەكی نزیكدا پەسەند بكرێت، تاكو هەرچی زووە بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.

ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم كە 47 ڕۆژی بەسەردا تێپەڕیوە، كێشەی گەورەی بۆ مووچە دروست كردووە و هێشتا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی چواریان وەرنەگرتووە. هەرچەندە وەزارەتی دارایی هەرێم پاش ناردنی 400 ملیار دینارەكە لە بەغداوە، لیستی مووچەی ڕاگەیاند، بەڵام ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ‌ نەكاتەوە، ئەوا مەترسیی گەورە لەسەر بەشەبودجەی هەرێم لە بەغدا دەبێت.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند "ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم كورتهێنانی بودجەی عێراقی زیاتر كردووە، لەبەر ئەوەی بەهای ئەو نەوتەی لە هەرێمەوە هەناردە دەكرێت، خراوەتە چوارچێوەی پڕۆژەبودجەی عێراقەوە كە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە بۆ خوێندنەوەی دووەم و پەسەندكردنی".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت "ئەگەر هەرێم نەوت هەناردە نەكات، هیچ بڕەپارەیەك لە بەغداوە وەرناگرێت و بەوەش كێشەیەكی نوێ‌ بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەر هەڵدەدات".

هەرچەندە هەرێم و عێراق ڕێككەوتنێكیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە واژۆ كرد و بەغداد داوای لە ئەنقەرە كردووە هەناردەكردنەكە دەست پێ‌ بكاتەوە، بەڵام هێشتا توركیا ڕازی نەبووە.
لە ٢٥ی ئازاری ئەمساڵ دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراق یەكلا كردەوە و توركیای ناچار كرد هەناردەی نەوتی هەرێم ڕابگرێت و ملیارێك و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووی عێراق بكاتەوە.