وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم تەواو بووە

11-05-2023 02:28

پەرەگراف

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، دوای ڕێکەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم، ڕێوشوێنەکانی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت تەواو بووەو چاوەڕێی وەڵامی تورکیان.

سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "کۆمپانیای سۆمۆ لە رۆژی (10 ئایار بە فەرمی داوای لە لایەنی تورکی کردووە پرۆسەیهەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری کەرکوک- جیهان دەست پێ بکرێتەوە".

"ئێستا هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردنی نەوت، چاوەڕێی وەڵامی تورکیا دەکەن" وەزارەتەکە وادەڵێت.

حكومەتی هەرێم لە دۆخێكی دارایی خراپدایە بە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە كە ٤٧ ڕۆژە ڕاگیراوە و زیانی نزیكەی یەك ملیار دۆلاری بەكوردستان گەیاندووە، هەناردەی نەوت سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی هەرێم و پارەی مووچەی فەرمانبەرانە و بەو هۆیەوە تا ئێستا مووچەی مانگی چوار دابەش نەكراوە.

لە ٢٥ی ئازاری ئەمساڵ دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراق یەكلا كردەوە و توركیای ناچار كرد هەناردەی نەوتی هەرێم ڕابگرێت و ملیارێك و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووی عێراق بكاتەوە.