یادگەی بارزانی چییە و لە چی پێك دێت؟ سەركردە سیاسییەكانی عێراق لەسەر مستەفا بارزانی چییان وت؟

11-05-2023 04:06

پەرەگراف

پاش شەش ساڵ لە دروستكردنی، یادگەی بارزانی لە ناوچەی بارزان بە ئامادەیی دەیان بەرپرسی باڵا و كەسایەتیی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان كرایەوە. لە مەراسیمەكەدا مەسعود بارزانی سەبارەت بە دۆخی عێراق ڕایگەیاند "كەشوهەوایەكی لەبار هاتووەتە ئاراوە و ئیرادەیەكی بەهێز و نیەتێكی پاك دەبینین".

بەپێی دێكیۆمێنتارییەك كە لە مەراسیمەكەدا نمایش كرا، بیرۆكەی دروستكردنی یادگەی بارزانی بۆ ساڵی 2005 دەگەڕێتەوە و پرۆژەكە دەست پێ‌ كراوە. لە ساڵی 2017 كۆتایی هاتووە. بەڵام بەهۆی "دووریی شوێنەكە و سەختیی جوگرافیا و نەبوونی بوودجە و شەڕی داعشەوە" پرۆژەكە زۆر پێ‌ چووە.

یادگەكە بە شێوەیەكی مۆدێرن لە دەوربەری مەزارگەی مستەفا بارزانی دروست كراوە و لە چەند بەشێك پێك دێت، لەوانە مۆزەخانە، مزگەوت، هۆڵی كۆنفرانس، هۆڵی سیمینار، كتێبخانە، گەلەری، ژووری ڤیدیۆ بۆ نمایشكردنی فیلمی دێكیۆمێنتار و شوێنی دانیشتن.

سێ‌ گومەزە لە یادگەكەدا هەیە كە بە ئاراستەی مەزارگەی مستەفا بارزانین، كە "سیمبولی ئایینەكانی ئیسلام، مەسیح و جوولەكەن، كە چەندین ساڵ پێكەوە لە دەڤەرەكەدا پێكەوە ژیاون".

لە مەراسیمی كردنەوەی یادگەكەدا، هەریەك لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆككۆماری عێراق و لەتیف ڕەشەید، سەرۆككۆماری عێراق و محەمەدد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و محەمەد حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی و هادی عامری، سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر و ڕێواز قایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئامادە بوون.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، لە وتاری كردنەوەی یادگەی بارزانیدا سەبارەت بە بارودۆخی عێراق وتی "زۆر سوپاسی محەمەد شیاع سوودانی دەكەم كە دەبینین زۆر بە جیدی هەوڵ دەدات ئەو ڕێككەوتنە سیاسییەی كراوە جێبەجێ‌ بكرێت و جورئەتی نیشان داوە، لێرەوە دڵنیای دەكەم كە ئێمەش بە هەموو توانایەك پشتگیریی دەكەین".

هەروەها لەتیف ڕەشید، سەرۆككۆماری عێراق، لە وتارێكدا وتی "خۆشحاڵم لەم مەراسیمە گرنگەی كردنەوەی مۆزەخانەی سەرۆكی مەزن جەنابی مەلا مستەفای بارزانی لەگەڵتانم".

"هەلومەرجی ناوچەكە و بارودۆخی وڵاتەكەمان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە، قۆناغێكی نوێ هاتووە بەردەم هەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان، كەشێكی ئارام هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك ئەم قۆناغە بقۆزینەوە بۆ گفتوگۆی برایانە و ئاشتییانە بۆ سەرلەنوێ‌ بونیادنانەوەی وڵاتەكەمان"، لەتیف ڕەشید وای وت.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە وتاری خۆیدا مستەفا بارزانیی بە "كەسایەتییەكی نیشتمانیی مێژوویی" ناو برد كە خەباتی دژی زڵم و ستەم كردووە و وتیشی "دەبێت ئەم وێنە بۆ نەوە داهاتووەكان بگوازینەوە".

سەبارەت بە دۆخی عێراقیش، سوودانی جەختی كردەوە كە "دەبێت كردار و گوفتارمان پێكەوە هەبێت و بەو ئاراستەیە كار دەكەین".

لای خۆیشیەوە عەمار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حكمەی نیشتمانی، مستەفا بارزانیی بە "سەركردەیەكی گەورەی عێراقیی كورد" ناو برد كە "كاریگەریی گەورەی لە ڕێچكەی مێژووی هاوچەرخی عێراقدا هەبووە".

عەمار حەكیم سەبارەت بە دۆخی سیاسیی عێراقیش وتی "سەركەوتنی ئەزموونی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئەم ڕێچكەیەی كە حكومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی گرتوویەتیە بەر، وا دەكات كە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی زیاتر بكەین بۆ ئەوەی عێراق بۆ قۆناغی سەقامگیری بگوازینەوە".

مستەفا بارزانی لە 14ی ئاداری ساڵی 1903 لە گوندی بارزان لەدایك بووە و لە 1ی ئاداری ساڵی 1979 لە نەخۆشخانەی زانكۆی جۆرج تاون لە ئەمریكا كۆچی دوایی كردووە.

لە هەمان ساڵی لەدایكبوونی و بەر لە لەدایكبوونی، شێخ محەمەدی باوكی كۆچی دوایی كردووە. دوای ئەوە شێخ عەبدولسەلام بارزانیی كوڕە گەورەی شێخ محەمەد، شوێنی باوكی دەگرێتەوە و وەكوو ڕێبەری بارزان كاروباری سیاسی و كۆمەڵایەتیی بنەماڵەكەیان و دەڤەرەكە بەڕێوە دەبات.

مەسعود بارزانی لە وتاری كردنەوەی یادگەی بارزانی وتی "زۆر لەسەر بارزان نووسراوە و گوتراوە، بەڵام زۆریش ناحەزان نووسویانە و ڕاستییەكانیان شێواندووە، بەڵام دوای ئەوەی لە ئەرشیفی زۆرێك لەو دەوڵەتانەی زۆر بەڵگە بەدەست كەوت، بۆ هەموو لایەك دەركەوت كە ئەوەی لە بارزان سەری هەڵدا، بزووتنەوەیەكی ڕزگاریخوازی دیموكراتخواز بووە و كاریگەرییەكی ئێجگار گەورەیشی هەبووە".

مەسعود بارزانی مێژووی بنەماڵەكەیانی خستە ڕوو و وتی "تەكیەی بارزان لە سەدەی نۆی كۆچی لەسەر دەستی باپیرەگەورەمان شێخ تاجەدین دروست كرا، لە تەنیشت تەكیەكە قوتابخانەیەكیشی بۆ فەقێكان دروست كرد. دوای وەفاتی ئەو كاری تەكیەكە بۆ ماوەیەك وەستا تا گەیشتە نەوەی شێخ عەبدولسەلامی یەكەم، كە كەسێكی زۆر شارەزا بووە لە زانستە شەرعییەكان و هەر ئەویش دەستی كرد بە زەمینەسازی بۆ چاكسازیی كۆمەڵایەتی، بەڵام مەرگ مەودای نەدا و لە ساڵی 1289ی كۆچی كە دەكاتە ساڵی 1872ی میلادی كۆچی دوایی كرد".

"پاش شێخ عەبدولسەلامی یەكەم، شێخ محەمەدی كوڕی شوێنی گرتەوە، كە كەسێكی زۆر دیندار بووە، ئەوەندە نفوزی گەورە بووە، لەو كاتەدا عوسمانییەكان مەترسییان لێ‌ پەیدا بووە و شەڕیان پێ‌ فرۆشتووە. ئەوەبوو گرتیان بردیان بۆ زیندانی بەدلیس و دوو ساڵ لەوێ‌ دەستبەسەر بوو، كە بەریان دا زۆری پێ‌ نەچوو لە ساڵی 1903 كۆچی دوایی كرد" مەسعود بارزانی وای وت.

لە دوای شێخ محەمەد، شێخ عەبدولسەلامی دووەمی كوڕی ڕابەرایەتیی تەریقەتی لە ناوچەی بارزان وەرگرتووە، كە لە زەمانی دانانی تەكیەیەكە لەلایەن تاجەدینەوە، تەریقەتی نەقشبەندییان هەڵبژاردبوو.

مەسعود بارزانی وتی "شێخ عەبدولسەلامی دووەم هەرچەندە تەمەنی كورت بوو، بەڵام بەرهەمی زۆر بوو. دەستی كرد بە چاكسازییەكی بنەڕەتی. پاش پەلاماردانی لەلایەن عوسمانییەوە، شێخ عەبدولسەلام بە ناچاری ڕووی كردە ئێران. دواتر چوو بۆ بدلیسی و لەوێ‌ قەیسەری دیوە. لە كاتی گەڕانەوە چەند خائینێك گرتیان و تەسلیمی عوسمانییەكانیان كرد و لە ساڵی 1914 لە مووسڵ لە سێدارە درا كە تەمەنی 37 ساڵ بوو".

"دوای ئەو، شێخ ئەحمەدی برای جێگەی ئەوی گرتەوە. من یەكێكم لەوانەی ئەو شانس و شەرەفەم هەبووە كە چەند جار بە خزمەتی گەیشتووم. مرۆڤێكی گەورەی متوازعی خۆڕاگری و عادل بووە"، مەسعود بارزانی وای وت.

وەكوو بارزانی لە وتارەكەیدا ئاماژەی پێ‌ كرد، "لەویش قبووڵ نەكرا كە بەردەوام بێت لەسەر ئەو ڕێگەی برا و باوك و باپیرانی. ساڵی 1931 فەوجێك بە سەرۆكایەتیی عەقید بەرقی شەوێ دەوری بارزانیان گرت و داوایان كرد خۆی تەسلیم بكات. شەڕیان كرد، فەوجەكە شكا".

هەروەها مەسعود بارزانی لە درێژەی وتارەكەیدا وتی "دوای ئەوە بە فڕۆكە ناوچەی بارزانیان بۆردوومان كرد و ژمارەیەكی زۆر ژن و منداڵ شەهید كران. پاش شەڕێكی شەش مانگی، ناچار بوون هیجرەت بكەن بۆ توركیا، لەوێ‌ شێخ ئەحمەدیان تەسلیم بە حكومەتی عێراق كرد".

وەكوو بارزانی باسی كرد، شێخ ئەحمەدی بارزان "14 ساڵ" نەفی كراوە (لە زێدی خۆی دووخراوەتەوە). هەروەها 12 ساڵیش لە زینداندا بووە. دواجار لە ڕۆژی 20ی تەمووزی ساڵی 1958 و لە كاتی شۆڕشەكەی عەبدولكەریم قاسم، لە زیندان ئازاد كراوە.

"بۆ ئێمە ئەو (شێخ ئەحمەد) ڕێنیشاندەر و مەولا و ئوستادی ئێمەیە، مەلا مستەفا پەروەردەی دەستی ئەو و قوتابیی ئەو بوو"، مەسعود بارزانی وای وت.