وەزیری نەوتی عێراق: شەممە هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ دەکاتەوە

11-05-2023 11:08

پەرەگراف

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە ١٣-٥-٢٠٢٣، پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان لە ڕێگەی سۆمۆوە دەست پێ دەکاتەوە.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، دەڵێت "کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆمپانیای بۆتاشی تورکیی ئاگادار کردووەتەوە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەو ڕۆژەدا".

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، دوای ڕێكەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم، ڕێوشوێنەكانی دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت تەواو بووە و چاوەڕێی وەڵامی توركیان.

سامانە سروشتییەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "كۆمپانیای سۆمۆ لە ڕۆژی ١٠ی ئایار بە فەرمی داوای لە لایەنی توركی كردووە پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی كەركووك- جەیهان دەست پێ بكرێتەوە".

"ئێستا هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردنی نەوت، چاوەڕێی وەڵامی توركیا دەكەن" وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وای وت.

حكومەتی هەرێم لە دۆخێكی دارایی خراپدایە بە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە كە ٤٨ ڕۆژە ڕاگیراوە و زیانی نزیكەی یەك ملیار دۆلاری بە كوردستان گەیاندووە، هەناردەی نەوت سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی هەرێم و پارەی مووچەی فەرمانبەرانە و بەو هۆیەوە تا ئێستا مووچەی مانگی چوار دابەش نەكراوە.

لە ٢٣ی ئازاری ئەمساڵ دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراق یەكلا كردەوە و توركیای ناچار كرد هەناردەی نەوتی هەرێم ڕابگرێت و ملیارێك و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووی عێراق بكاتەوە.