وەزیری سامانە سروشتییەكان ڕەتی دەكاتەوە كە سبەینێ‌ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەست پێ‌ بكاتەوە

12-05-2023 03:15

پەرەگراف

وەزیری سامانە سروشتییەكان ڕەتی دەكاتەوە كە ڕۆژی شەممە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێ‌ بكاتەوە و دەڵێت "منیش ئەو زانیارییەم لە ڕاگەیاندنەكانەوە گوێ لێ بووە".

كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بە وەكالەت، لە گفتوگۆیەكدا بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە كە سەبارەت بە وادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پرسیاری لە وەزیری نەوتی عێراق كردووە، لە وەڵامدا وتوویەتی "ئێمە حازرین، بەڵام ڕۆژەكەمان دیاری نەكردووە. بۆ دەستنیشانكردنی ڕۆژەكە چاوەڕێی لایەنی توركی دەكەین".

ئەو قسانەی وەزیری سامانە سروشتییەكان لە كاتێكدایە كە دوێنێ‌ وەزارەتی نەوتی عێراق لە زاری وەزیرەكەیەوە ڕایگەیاند كە ڕۆژی شەممە ١٣-٥-٢٠٢٣ هەناردەكردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهان دەست پێ‌ دەكاتەوە.

"دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان چەندین سەردان كران، ڕێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و سۆمۆ كرا. گرێبەست لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە كرا كە ئێمە ڕێككەوتنمان لەگەڵیان هەبوو. ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە كۆمپانیای سۆمۆ موفاتەحەی توركیای كرد كە ئامادەین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت"، كەمال محەمەد وا دەڵێت.

وەزیری سامانە سروشتییەكان جەخت دەكاتەوە كە هەموو كێشەكان چارەسەر كراون و تەنیا وەڵامی توركیا ماوە. پێشبینیش دەكات بەم نزیكانە هەناردەكردنی نەوت دەست پێ‌ دەكاتەوە.

حكومەتی هەرێم لە دۆخێكی دارایی خراپدایە بە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە كە ٤٨ ڕۆژە ڕاگیراوە و زیانی نزیكەی یەك ملیار دۆلاری بە كوردستان گەیاندووە، هەناردەی نەوت سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی هەرێم و پارەی مووچەی فەرمانبەرانە و بەو هۆیەوە تا ئێستا مووچەی مانگی چوار دابەش نەكراوە.

لە ٢٣ی ئازاری ئەمساڵ دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراق یەكلا كردەوە و توركیای ناچار كرد لە ٢٥ی هەمان مانگ هەناردەی نەوتی هەرێم ڕابگرێت و ملیارێك و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووی عێراق بكاتەوە.