سوودانی: شانازیی بە کوردانی ئێزدییەوە دەکەین و پابەندین بە پشتیوانیکردن و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان

13-05-2023 01:39

پەرەگراف

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە موسڵ لەگەڵ میر و ئەنجوومەنی باڵای رۆحانیی کوردانی ئێزدی کۆبووەوەو دەڵێت، شانازییەکی گەورە بە کوردانی ئێزدییەوە دەکەن لە چوارچێوەی کۆمەڵگە و گەلی عێراق.

محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردەوە، حکومەت پابەندە بە پشتیوانیکردنی مافەکانی کوردانی ئێزدی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان لەڕێی ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئابووری لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدا بەشێوەیەک ئاسانکاری بکات بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکانی ئێزدی بۆ زێدی خۆیان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەکەی، سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە بۆ تاپۆکردنی خانوو و زەویی نیشتەجێبوونی کوردانی ئێزدی، هاوکات ستایشی ڕۆڵی ئێزدییەکانی کردووە لە ڕوبەڕوبوونەوەی داعش و جەختی لە جێبەجێکردنی یاسای رزگاربووانی ژنانی ئێزدی و قەرەبووکردنەوەیان کردووەتەوە.

 لە بەرامبەردا میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە و پێزانینی بۆ هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق دەربڕیوە لە پشتیوانیکردنی پەیڕەوانی ئاینی ئێزدی؛ هەروەک ستایشی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کردووە کە ساڵانە سەری ساڵی ئێزدی کردووە بە پشووی فەرمی بۆ هەموو کوردانی ئێزدی، لەگەڵ بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ تاپۆکردنی خانوو و زەویی نیشتەجێبووبوونی کوردانی ئێزدی.