‎‎مەكتەبی سیاسیی یەكێتی: جەخت لە یەكڕیزی و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی دەكەینەوە

13-05-2023 08:14
کۆبوونەوەى ئەمڕۆى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى. فۆتۆ: PUKMEDIA

پەرەگراف

‎مەكتەبی سیاسیی یەكێتی خۆشحاڵیی خۆی بە "كەشی ئەرێنیی ناوخۆی كوردستان و پەرۆشیی لایەنەكان بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتمانی" ڕادەگەیەنێت و جەخت لە "یەكڕیزی و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی" دەكاتەوە.

ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی كۆبووەوە. بەپێى میدیای یەكێتی "وێڕای بەخێرهاتنەوەی سەرۆك بافڵ و گەڕانەوەی بە تەندروستییەكی باشەوە، ڕەوشی سیاسیی كوردستان و عێراق هەڵسەنگێندرا".

لە كۆبوونەوەكەدا "دیدگای یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و سوودوەرگرتن لە دەرفەتەكان" گفتوگۆی لەبارەوە كراوە و "جەخت لە یەكڕیزی و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی كرایەوە، بە ئامانجی باشتركردنی ژیانی كۆمەڵانی خەڵك و گەشەپێدانی دیموكراسی".

"مەكتەبی سیاسی خۆشحاڵیی خۆی بەو كەشە ئەرێنییە ناوخۆییەی كوردستان و پەرۆشیی لایەنەكانی كوردستان و دۆستەكانی گەلەكەمان بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتمانی و یەكخستنی تواناكان دەربڕی و هیوای خواست حوكمڕانی و سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی گەشەكردنی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت"، میدیای یەكێتی وا دەڵێت.

كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و هەڵوێستە نوێیەكەی پاش پەیامەكەی دوو ڕۆژ لەمەوبەری مەسعود بارزانی دێت كە ئاراستەی سەرجەم حیزب و لایەنەكانی كوردستانی كرد بۆ "هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ‌" و داوای كرد بەر لە ١٨ی ئەم مانگە "كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان بۆ چارەسەری هەموو گیروگرفتەكان" ئەنجام بدەن.

لە وتاری كردنەوەی یادگەی بارزانی لە ناوچەی بارزان، مەسعوود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات داوایشی كرد "پێش ئەو كۆبوونەوەیە، هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی دانیشن و ئەو تەمومژە نەهێڵن، زەمینەسازی بكەن بۆ ئەو كۆبوونەوە بەرفراوانە".

"نابێت چیتر خەریكی یەكتر شكاندن بن. دەرفەتێكی باش هاتووەتە پێش، بە دژایەتیی یەكتری كەس هیچی دەست ناكەوێ‌. با عیبرەت لە ڕاپەڕین وەربگرن"، مەسعود بارزانی وای وت.

دوێنێش مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكرات، ڕایگەیاند "پێشوازی و پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی دەكەین بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی".

هاوکات وتەبێژى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند "تیمی وەزاریی یەكێتی بەشدار دەبن لە كۆبوونەوەی ڕۆژی یەكشەممەی داھاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم و لە دوو رۆژی داهاتووشدا كارنامەی كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران رادەگەیەنین".