ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم: ئەولەویەت بۆ مووچەیە و خەرجییەكانی دیكە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاكان دەبێت

14-05-2023 05:31
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران

پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیار درا "ئەولەویەت لە خەرجییەكان بدرێت بە مووچە وەك خەرجی سیادی لە سەرتاسەری هەرێم، بۆ خەرجیەكانی دیكەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میكانیزم و ڕێككاریی گونجاو و بە شێوازێكی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، خەرجییەكان ئەنجام بدرێت".

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت "بۆ مسۆگەركردنی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیران سەرپشك كران بۆ دانانی میكانیزمی پێویست بۆ پشتیوانی وەزارەت و لایەنە ڕاسپێردراوەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە".

دەقی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم:

ئەمڕۆ یەكشەممە 5/14، بە سەرپەرشتی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لەدەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكوەزیران، خۆشحاڵی خۆی بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران دەربڕی.

سەرۆكوەزیران هەروەها بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ دەستپێشخەری و پەیامەكەی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی دووپاتكردەوە و جەختی لە هاوهەڵوێستی و یەكگرتوویی لایەنە كوردستانییەكان كردەوە لە پێناو داكۆكیكردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان .

بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی لە 2023/4/4 كە لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە خرایەڕوو.

سەرۆكوەزیران ئاماژەی بەوە دا، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو پابەندییەكانی خۆی لە چوارچێوەی رێككەوتنەكە جێبەجێ كردووە و ئێستا چاوەڕێی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی توركیایە بگەنە رێككەوتنی كۆتایی بۆ دووبارە دەستپێكردنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، لەهەمانكاتدا پێویستە حكومەتی فیدراڵیش، بڕە بودجەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ حكومەتی هەرێم بنێرێت، تا ئەوكاتەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ پەسەنددەكرێت و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵ دابین دەكرێت.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی (رێكخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی كوردستان) كرا. پاش گفتوگۆكردن، ئەنجوومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ بڕیاریدا؛ رێكخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە رێگای (بەناوەندییكردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە رێكخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەكانی داهات لە بانكەكان و گەنجینەكان و دەرواز سنوورییەكان و بەڕێوەبەرایەتیەكانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەكەوەبەستنیان لە رێگەی سیستەمێكی ئەلكترۆنی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاردرا؛ ئەولەویەت لە خەرجییەكان بدرێت بە مووچە وەك خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم ، بۆ خەرجیەكانی دیكەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میكانیزم و رێككاریی گونجاو و بە شێوازێكی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا وئیدارەیەكی سەربەخۆ، خەرجییەكان ئەنجام بدرێت. بۆ مسۆگەركردنی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیران ، سەرپشككران بۆ دانانی میكانیزمی پێویست بۆ پشتیوانی وەزارەت و لایەنە راسپێردراوەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە.

لــە تــەوەرێــكی دیــكەدا، لــەبــارەی كــێشە ئــەمــنییەكــان، ئــەنــجوومــەنــی وەزیــران بــڕیــاریــدا، لێكۆڵینەوەیەكی هاوبەش لە ڕێی لــیژنــەیــەكــی تــایــبەتــمەنــد لە دەزگا پەیوەندیدارەكان ئەنجام بدرێت، ســەبــارەت بــە دۆســییە ئــەمــنییەكــان بــەگشــتی دوور لـــە دەســـتێوردانـــی ســـیاســـی. دواتـــر رێككاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر.

بڕگەی سێیەم و كۆتایی، خستنەڕووی راپۆرتێكی وەزارەتی ناوخۆ بوو سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەو هەڵسەنگاندنی نیشتمانییەی لەلایەن حكومەتی فیدراڵی ئەنجامدراوە بۆ مەترسییەكانی (شووشتنەوەی مایە و مایەداركردنی تیرۆر لە عێراق) كە لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ هەوڵ و رێككار و هەنگاوەكانیان بۆ رووبەڕوبوونەوەی مەترسییەكانی شووشتنەوەی مایە و مایەداركردنی تیرۆر، بۆ ئەو مەبەستەش تاوەكوو داڕشتنەوەی چوارچێوەی یاسایی نوێ لە هەرێم بۆ ئەم بابەتە، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی راسپارد كە بەردەوام بن لە هەماهەنگی وبەیەكەوەكاركردن لەگەڵ دامەزراوە هاوتاكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵیی و دامەزراوە جیهانیەكانیش بۆ ئەم بابەتە كە كێشەیەكی نێودەوڵەتییە، هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران جەختیكردەوە لە پابەندیی هەرێم بە رێككارەكانی رووبەڕوبونەوەی مەترسییەكانی شووشتنەوەی مایە ومایەداركردنی تیرۆر.