ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی داهات و مووچە و كێشە ئەمنییەكانەوە سێ‌ بڕیاری دا

14-05-2023 09:00
ساتى ڕۆیشتنى مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانى بۆ هۆڵى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم

پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمدا "سێ‌ بڕگە بە كۆی دەنگ پەسەند كراون" كە پەیوەستن بە داهات و مووچە و كێشە ئەمنییەكان. ئەو بڕگانەی كە پەسەند كراون، لە ماوەی ڕابردوودا كێشەی سەرەكیی نێوان پارتی و یەكێتی بوون، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێككەوتنى سەرەتاییان لەبارەوە كراوە.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و پاش زیاتر لە شەش مانگ بایكۆت، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزیرەكانی یەكێتی بەشداریی كۆبوونەوەكەیان كرد.

جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، ڕایگەیاند كە لە كۆبوونەوەكەدا سێ‌ بڕگە "بە كۆی دەنگ پەسەند كران". كە یەكەمیان پەیوەستە بە "ڕێكخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە ڕێگای (بەناوەندییكردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە)".

وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت "بۆ ئەو مەبەستە بڕیار درا بە ڕێكخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەكانی داهات لە بانكەكان و گەنجینەكان و دەرواز سنوورییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی باج و ڕسومات، بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەكەوەبەستنیان لە ڕێگەی سیستەمێكی ئەلكترۆنی".

بڕیارێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەوە بووە كە "ئەولەویەت لە خەرجییەكان بدرێت بە مووچە، وەكوو خەرجیی سیادی لە سەرتاسەری هەرێم".

سەبارەت بە خەرجییەكانی دیكەی جگە لە مووچەش، جووتیار عادل دەڵێت "بڕیار دراوە بە میكانیزم وڕێكاری گونجاو و بە شێوازێكی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، خەرجییەكان ئەنجام بدرێن".

لــەبــارەی كــێشە ئــەمــنییەكــانەوە كە یەكێك لە سەرەكیترین ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتییە، ئــەنــجومــەنــی وەزیــران بــڕیــاری دا "لێكۆڵینەوەیەكی هاوبەش لە ڕێی لــیژنــەیــەكــی تــایــبەتــمەنــد لە دەزگا پەیوەندیدارەكان ئەنجام بدرێت، ســەبــارەت بــە دۆســیە ئــەمــنییەكــان بــە گشــتی".

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاندووە كە دەبێت لێكۆڵینەوە لە دۆسیە ئەمنییەكان "دوور لـــە دەســـتێوردانـــی ســـیاســـی" بێت و "دواتـــر ڕێكاری یاسایی پێویست" لەبارەیانەوە بگیرێتە بەر.

لە ماوەی ڕابردوودا كێشەی دابەشكردنی داهات و كێشەی مووچە لە سنووری زۆنی سەوز و تۆمەتباركردنی بەرپرسانی باڵای دژەتیرۆری یەكێتی بە كوشتنی هاوكار جاف، لە كێشە سەرەكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بوون، كە بوونە هۆی گرژیی زۆر لە نێوان ئەو دوو لایەنە و دابڕانی تیمەكانیان لە حكومەت.

هەوڵی جیاواز بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی دران، بەڵام هاتنی باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ هەرێم و كۆبوونەوەی بە جیا لەگەڵ مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، بووە دەستپێكی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و دواتریش قویا تاڵەبانی و مەسرور بارزانی كۆبوونەوە.

* قوباد تاڵەبانی: پێشوازی لەهەر دەستپێشخەرییەک دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان

* مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە هەولێر كۆبوونەوە

* بارزانی: بانگەوازێکی دڵسۆزانە بۆ ھەموو حیزبەکانی کوردستان کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە

* ‎‎مەكتەبی سیاسیی یەكێتی: جەخت لە یەكڕیزی و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی دەكەینەوە