ئەنجامی جیاكردنەوەی لەسەدا 99ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی ‏توركیا ڕاگەیەندرا

15-05-2023 11:58

پەرەگراف

دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا ئەنجامی بەرایی جیاكردنەوەی لەسەدا ‏‏٩٩ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند، بەپێی ئەنجامەكە هیچ كام لە ‏كاندیدەكانی سەرۆكایەتیی نەیانتوانی (زیاتر لە ٥٠٪ - نیوە کۆ یەک)ی دەنگەكان بەدەست ‏بهێنن و یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستە دەكەوێتە خولی دووەمی هەڵبژاردن.‏

ئەحمەد یەنەر، سەرۆكی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا، ڕایگەیاند ‏‏"تا كاتژمێر ٩:٤٥ خولەكی ئەمڕۆ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەدا ٤٩.٤٠ ‏و كەمال كڵچدارئۆغڵوو لەسەدا ٤٤.٩٦ و سینان ئۆغان لەسەدا ٥.٢٠ و ‏موحەڕەم ئینجە (كاندیدی كشاوە) لە سەدا ٠.٤٤ی دەنگەكانیان بە دەست ‏هێناوە".‏

سەرۆكی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا وتیشی "لە ناوخۆی توركیا ‏ژمارەی سندووقەكان ١٩٢ هەزار و ٢١٤ سندووق بووە، تا كاتژمێر ٩:٤٥، ‏‏١٩٢ هەزار و ١٨٧ سندووق كراونەتەوە، گوتی، بەوەش ڕێژەی كردنەوەی ‏سندووقەكان لە ناوخۆی وڵات گەیشتووەتە لەسەدا ٩٩".‏

هەر بەپێی داتاكانی دامەزراوەی هەڵبژاردنی توركیا، ژمارەی سندووقە ‏نەكراوەكانی ناوخۆی وڵات تەنیا "٢٧" سندووقن. لە دەرەوەی وڵاتیش نۆ ‏هەزار و ٥٩٤ سندووق هەبووە و هەشت هەزار و ٦٥یان كراونەتەوە، هەزار و ‏‏٥٢٩یشیان هێشتا نەكراونەتەوە.‏