سبەینێ مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی لە سلێمانی كۆدەبنەوە

15-05-2023 07:58

پەرەگراف

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی بە میدیای فەرمی حیزبەکەیی ڕاگەیاند، سبەینێ مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتیی لە شاری سلێمانی كۆدەبنەوە.

ئەو کۆبوونەوەیە دوای دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دێت کە یەکێتی بە ئەرێنیی وەڵامی دایەوە.

بارزانی ١١ی ئەم مانگە پەیامێكی ئاراستەی سەرجەم حیزب و لایەنەكانی كوردستان كرد بۆ "هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ‌" و داوای کرد بەرلە ١٨ی ئەم مانگە "كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان بۆ چارەسەری هەموو گیروگرفتەكان" ئەنجام بدەن.

لە وتاری كردنەوەی یادگەی بارزانی لە ناوچەی بارزان، سەرۆكی پارتی دیموكرات وتی "بە دەرفەتی دەزانم كە بانگەوازێكی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو حیزب و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بكەم، كە لاپەڕەیەكی نوێ‌ بكەنەوە. داواكارم هەرچی زووتر كۆبوونەوەیەكی فراوانبەر لە ١٨ی ئەم مانگە بكرێت، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە و بەرپرسیارانە و كوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەكان بكرێت و چارەسەریان بكەن".

بارزانی داوایشی كرد "پێش ئەو كۆبوونەوەیە، هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی دانیشن و ئەو تەمومژە نەهێڵن، زەمینەسازی بكەن بۆ ئەو كۆبوونەوە بەرفراوانە".

"نابێت چیتر خەریكی یەكتر شكاندن بن. دەرفەتێكی باش هاتووەتە پێش، بە دژایەتیی یەكتری كەس هیچی دەست ناكەوێ‌. با عیبرەت لەڕاپەڕین وەربگرن"، مەسعود بارزانی وای وت.

سەرۆكی پارتی لەگەڵ نیشاندانی ئامادەیی خۆی بۆ هەرچی پێی بكرێت، داوایشی لە هەموو میدیا و ڕێكخراوەكانی مەدەنی كرد كە"هاوكار بن بۆ سەرخستنی ئەم پەیامە، نەوەكوو ڕۆڵێكی سلبی ببینن". وتیشی "ڕجاتان لێ‌ دەكەم ڕۆڵێكی ئیجابی ببینن".

جەختكردنەوەی بارزانی بە ئەنجامدانی كۆبوونەوە و چارەسەری كێشەكان بەر لە ١٨ی ئایار، ئاماژەیە بەوەی كە دەبێت لەو ڕۆژەوە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بۆ ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ڕابسپێردرێت كە دەكاتە شەش مانگ بەر لە وادەی هەڵبژاردن، پێشتر پارتی بە فەرمیی ئەم داوایەی کردووە.