سەرۆکی پەرلەمان: ڕێكاره یاساییه‌كانی كاراكردنه‌وه‌ى كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ته‌واوكراون
پەرەگراف
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێكاره یاساییه‌كانی كاراكردنه‌وه‌ى كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ته‌واوكراون و چاوه‌ڕوانن لایه‌نه‌كان له ده‌رفه‌تێكی نزیكدا له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای هه‌ڵبژاردن بگه‌نه ڕێككه‌وتن.
ڕێواز فایەق دەشڵێت " په‌رله‌مانی كوردستان هه‌وڵه‌كانی چڕكردۆته‌وه بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی هه‌نگاوه‌كان و گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنی كۆتایی لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان".
ئەو وتانەی سەرۆکی پەرلەمان ل کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ ڤیللى ڤارجیولا، باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له عێراق، کە گفتوگۆی وردیان له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان كردووە.
بەپێی هەواڵی کۆوبونەوەکە، له دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان كردووەتەوە كه پێویسته په‌له بكرێت له ئاماده‌كارییه‌كان و گه‌یشتن به داڕشتنی كۆتایی له‌سه‌ر كۆی ئه‌و پرسانه‌ی كه تاوەكو ئێستا بوونه‌ته له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌ی هەڵبژاردن.
هەرلەسەر پرسی هەڵبژاردن و گەیشتنە ڕێککەوتن، مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی لە کۆبوونەوەدان و تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆی نێوانیان ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە وادەی دیاریکراودا.
پارتی و یەکێتی یەکتری تۆمەتبار دەکەن بەر دروستکردنی لەمپەر لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ناکۆکی سەرەکیی نێوان ئەو دوو حیزبە لەسەر کورسیی پێکهاتەکانەو یەکێتی دەڵێت، ناچنە هه‌ڵبژاردنێكه‌وه كه پارتی 11 كورسییەکەی پێکهاتەکانی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلایی كردبێته‌وه‌و داوای گۆڕانکاریی لە سیستمی هەڵبژاردن و کورسیی پێکهاتەکان دەکەن.
سەرۆكی هەرێم ١٨-١١-٢٠٢٣ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری كردووە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە لەو ڕۆژەدا هەڵبژاردن بکرێت، ئەوە لەکاتێکدایە لە ٣٠ ساڵی حوكمڕانی هەرێم و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆپەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووەو پەرلەمان نزیكەی نیوەی تەمەنی بە درێژكردنەوە بەسەر بردووە.