وەزیری کار: لەمەودوا مووچەخۆران کێشەیان نابێت و لە هەموو ناوچەکان لە یەک کاتدا مووچە وەردەگرن

16-05-2023 01:19
کوێستان محەمەد، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى.

پەرەگراف

وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى دەڵێت، لەمەودوا مووچە دەبێتە بابەتێکی سیادیی و مووچەخۆران کێشەیان نابێت و لە هەموو پارێزگاو ئیدارەکان پێکەوەو لە یەک کاتدا بێ جیاوازیی مووچە وەردەگرن.

کوێستان محەمەد بۆ میدیای فەرمیی گۆڕان ئەوە دەخاتەڕوو، لە دواکۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا جەخت لە پێویستى چارەسەرى کێشەى موچە کراوەتەوە بەوەى کە لەپێشینەى کارەکانى حکومەت و وەزارەتى دارایی بێت و ببێتە سیادى، بەشێوەیەک چاوەڕێى کۆکردنەوەى پارە ناکرێت لە شوێنێک هەبێت و لە شوێنێکى دیکە نەبێت، واتە چیتر نابێت موچەخۆران کێشەیان هەبێت.

لەبارەى کۆکردنەوەى داهات و دابەشکردنەوەى بەپێى دوا بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران، وەزیرى کار دەڵێت: پێویستە سەرجەم داهاتەکان کۆبکرێنەوە و بخرێنەسەر ئەژمارى وەزارەى دارایی و دواتر بەشێوەیەکى دادپەروەرانە و بە لەبەرچاوگرتنى ژمارەى دانیشتوان وپێویستى پڕۆژەکان دابەش دەکرێت، "دەبێت ئەوە کۆتایی بێت کە بەهۆى نەبونى سیولە لە هەندێک لە بانکەکان موچە و پڕۆژە دوادەکەوێت، پێویستە هەمو هاوڵاتییان و پارێزگاکان وەک یەک و بەشێوەیەکى دادپەروەرانە لە داهاتى هەرێمى کوردستان سودمەند بن".

دوو ڕۆژ لەمەوبەر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و پاش زیاتر لە شەش مانگ بایكۆت، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرەكانی یەكێتی بەشداریی كۆبوونەوەكەیان كرد.

جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، ڕایگەیاند كە لە كۆبوونەوەكەدا سێ‌ بڕگە "بە كۆی دەنگ پەسەند كران". كە یەكەمیان پەیوەستە بە "ڕێكخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە ڕێگای (بەناوەندییكردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە)".

وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتی "بۆ ئەو مەبەستە بڕیار درا بە ڕێكخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەكانی داهات لە بانكەكان و گەنجینەكان و دەرواز سنوورییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی باج و ڕسومات، بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەكەوەبەستنیان لە ڕێگەی سیستەمێكی ئەلكترۆنی".

بڕیارێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەوە بووە كە "ئەولەویەت لە خەرجییەكان بدرێت بە مووچە، وەكوو خەرجیی سیادی لە سەرتاسەری هەرێم".

سەبارەت بە خەرجییەكانی دیكەی جگە لە مووچەش، جووتیار عادل دەڵێت "بڕیار دراوە بە میكانیزم وڕێكاری گونجاو و بە شێوازێكی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، خەرجییەكان ئەنجام بدرێن".

لــەبــارەی كــێشە ئــەمــنییەكــانەوە كە یەكێك لە سەرەكیترین ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتییە، ئــەنــجومــەنــی وەزیــران بــڕیــاری دا "لێكۆڵینەوەیەكی هاوبەش لە ڕێی لیژنەیەكی تـایـبەتـمەنـد لە دەزگا پەیوەندیدارەكان ئەنجام بدرێت، ســەبــارەت بــە دۆســیە ئــەمــنییەكــان بــە گشــتی".

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاندووە كە دەبێت لێكۆڵینەوە لە دۆسیە ئەمنییەكان "دوور لـــە دەســـتێوردانی سـیاسی" بێت و "دواتر ڕێكاری یاسایی پێویست" لەبارەیانەوە بگیرێتە بەر.

لە ماوەی ڕابردوودا كێشەی دابەشكردنی داهات و كێشەی مووچە لە سنووری زۆنی سەوز و تۆمەتباركردنی بەرپرسانی باڵای دژەتیرۆری یەكێتی بە كوشتنی هاوكار جاف، لە كێشە سەرەكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بوون، كە بوونە هۆی گرژیی زۆر لە نێوان ئەو دوو لایەنە و دابڕانی تیمەكانیان لە حكومەت.

هەوڵی جیاواز بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی دران، بەڵام هاتنی باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ هەرێم و كۆبوونەوەی بە جیا لەگەڵ مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، بووە دەستپێكی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و دواتریش قویا تاڵەبانی و مەسرور بارزانی كۆبوونەوە.