وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ هەرێمی کوردستان: هەموو هەنگاوێک بنێن هەڵبژاردن بەبێ دواخستنی زیاتر ئەنجام بدرێت

16-05-2023 04:12

پەرەگراف

کونسوڵخانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی هاوبەشدا داوا لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم دەکەن هەموو هەنگاوێکی پێویست بنێن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بەبێ دواخستنی زیاتر ئەنجام بدرێت.

کونسوڵخانەو نوێنەرایەتییەکانی بەریتانیا، ئەمەریکا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، کەنەدا،یەکیتی ئەوروپا، فەرەنسا، چیک، یۆنان، ئیتاڵیا، بۆلگاریا، پۆڵەنداو ڕۆمانیا لە پەیامەکەیاندا دەڵێن "ئێمە جەخت لە گرنگی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە دەکەینەوە. بەم پێیە داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین کە بەشێوەیەکی هاوبەش کار بکەن و ئەو ئاستەنگانەی کە ماونەتەوە تێپەڕێنن بە مەبەستی زامنکردنی پرۆسەیەکی هەڵبژاردن کە پابەند بێت بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی هەموو هاوڵاتییان بپارێزێت. لەوانەش ژنان و کەمینەکان، بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا.

نوێنەرایەتی ئەو وڵاتانە دەستخۆشی لە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان دەکەن "بۆ پابەندبوونی بەردەوامیان بۆ بنەماو بەها دیموکراسیەکان و پێشوازیکردن لە رۆحی نوێبوونەوەی هاوکاری نێوان لایەنەکان".

پەیامی ئەو وڵاتانە لە کاتێکدایە مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان ڕایانگەیاند، هەردوولا پەرۆش و هاوڕان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی  پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا لەمساڵدا.

"هەردوو لا بڕیارماندا وەک  یەک تیم کار بکەین و  زنجیرەیەک کۆبونەوەی دیکەش  ئەنجامبدرێ  بۆ فەراهەمکردنی کەش و هەوای لەبار لە ڕووی یاسایی و سیاسیەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ڕووبەڕووبونەوەی  ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا هەیە" مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی وادەڵێن.

هەر لەسەر پرسی هەڵبژاردن ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، هێشتا لەگەڵ پارتی کەمێک کێشەیان هەیە لەبارەی هەڵبژاردن و وتی "دەکرێت بەڵام وردەکارییەکەی ماوە".

پارتی و یەکێتی یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە دروستکردنی لەمپەر لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ناکۆکی سەرەکیی نێوان ئەو دوو حیزبە لەسەر کورسیی پێکهاتەکانەو یەکێتی دەڵێت، ناچنە هه‌ڵبژاردنێكه‌وه‌ كه‌ پارتی 11 كورسییەکەی پێکهاتەکانی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلایی كردبێته‌وه‌و داوای گۆڕانکاریی لە سیستمی هەڵبژاردن و کورسیی پێکهاتەکان دەکەن.

ناکۆکییەکان لەکاتێکدان لە ٣٠ ساڵی حوكمڕانی هەرێم و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووەو پەرلەمان نزیكەی نیوەی تەمەنی بە درێژكردنەوە بەسەر بردووە.