رێكارەكانی ناردنی 400 ملیار دیناری دیکە لە بەغداوە بۆ ھەرێم تەواو کرا

17-05-2023 03:08

پەرەگراف

فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ رێكارەكانی ناردنی 400 ملیار دینارمان تەواوكرد، ئێستا 200 ملیار دینار لە بانكی رافیدەین خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و دواتر 200 ملیاری بانكی رەشید.

هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری دا كە 400 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان ڕەوانە بكرێت، ئەوەش دوای ئەوەی ٤٠٠ ملیاری دیکە بەرلەو بڕیارە گەیشتە هەرێم بۆ مووچەی فەرمانبەران.

بەوتەی سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی ھەرێم لە بەغدا، تاوەكو پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق پەسەند دەكرێت، "بڕیارە مانگانە 400 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان ڕەوانە بكرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی سەرۆكی حكومەتی ھەرێم و سەرۆكوەزیرانی عێراق دایە".

حكومەتی هەرێم لە دۆخێكی دارایی خراپدایە بە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە كە زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە ڕاگیراوە و زیانی دەوروبەری یەك ملیار دۆلاری بە كوردستان گەیاندووە، هەناردەی نەوت سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی هەرێم و پارەی مووچەی فەرمانبەرانە.

سەرەتای ئەم مانگە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە ئەركی ئەوانە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دابین بكەن و ئەو ئەركە جێبەجێ دەكەن.

هەرچەندە هەرێم و عێراق ڕێككەوتنێكیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە واژۆ كرد و بەغداد داوای لە ئەنقەرە كردووە هەناردەكردنەكە دەست پێ‌ بكاتەوە، بەڵام هێشتا توركیا ڕازی نەبووە.

لە ٢٥ی ئازاری ئەمساڵ دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراق یەكلا كردەوە و توركیای ناچار كرد هەناردەی نەوتی هەرێم ڕابگرێت و ملیارێك و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووی عێراق بكاتەوە.