لە دوو ڕووداوی تەقەكردندا چوار كەس كوژران و سیانی دیكە بریندار بوون

17-05-2023 04:02
وێنەی تۆمەتباری ڕووداوەكەی كۆیە

پەرەگراف

پیاوێك لە كۆیە بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە دەستڕێژی گوللـەی لە خێزانەكەی كردووە و لە ئەنجامدا چوار كەس گیانیان لەدەست داوە. لە سلێمانییش پیاوێك دەستڕێژی گوللـەی لە زاوا و كچەی كرد.

ئەو كەسانەی لە ڕووداوەكەی كۆیەدا كوژراون، هاوسەر و دوو كچی پیاوەكە بوون، لەگەڵ دراوسێیەكیان كە لە كاتی تەقەكردنەكەدا بۆ بەهاناوەچوون چووەتە شوێنەكە. هەر لەو ڕووداوەدا كوڕێكی خۆیشی بریندار كردووە.

هاوسەری پیاوەكە ناوى فاتیمە عەبدوڵڵایە و تەمەنی ٦٣ ساڵە، كچەكانیشی ناویان (چرا) تەمەن ٣١ ساڵ و (چرۆ) تەمەن ١٨ ساڵە، هەروەها دراوسێكەیان ناوى سیامەند عەباسە و تەمەنی ٥٥ ساڵە، كوڕە بریندارەكەشی ناوی (شاكێو)ـە و تەمەی ١٥ ساڵە.

پاش ڕووداوەكە، تۆمەتبارەكە هەر لە شوێنی ڕووداوەكە و لە ژوورێكی ماڵەكەی خۆیدا خۆی شاردووەتەوە. عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە، وتی "چەند خولەكێكی ویستووە تاوەكو دەستگیر كرا".

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی ڕووداوەكەوە دەڵێت "ئەمڕۆ كاتژمێر ١٠ و ٣٠ خولەك، لە گەڕەكی ئازادی لە كۆیە، تۆمەتبار (ڕزگار قادر ڕەسووڵ) كە پیشەی پێشمەرگەی خانەنشینە، لە ئەنجامی دروستبوونی دەمەقاڵێ، هەستاوە بە كوشتنی هەریەك لە هاوسەری و دوو كچی، كوڕێكیشی بریندار دەكات، هەروەها دووكاندارێكی دراوسێی دەكوژێت".

دەزگای ئاسایش دەشڵێت "بە فەرمانی دادوەر و بە ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی، تۆمەتبار لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر كراوە".

هەر ئەمڕۆ لە گەڕەكی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی، لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی، پیاوێك تەقەی لە كچ و زاواكەی كرد و هەردووكیان بریندارن.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، بریندارەكان تەمەنیان لە دەوروبەری ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵدایە و چارەسەریان بۆ كراوە، ئێستا مەترسی لەسەر ژیانیان نەماوە.

تۆمەتبارەكەش كە تەمەنی لە دەورەبەری ٥٠ ساڵدایە، هێشتا دەستگیر نەكراوە و پۆلیس لە هەوڵی دەستگیركردنیدایە.