ڕێواز فایەق: بە دڵنیایی ناتوانین 18ی ئایار كۆمیسیۆن بۆ ئامادەكاریی هەڵبژاردن ڕابسپێرین

17-05-2023 07:47

پەرەگراف - هەولێر

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت "دڵنیام تا ١٨ی ئایار ناتوانین ئەركەكانی خۆمان جێبەجێ‌ بكەین" و كۆمیسیۆن بۆ ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن ڕابسپێرن، بەڵام جەخت دەكاتەوە كە "ئەمە بەو مانایە نایەت ئەگەر ئێمە بە نموونە لە ٣٠ی ئایار ئەركەكانمان تەواو كرد، ئەوان ناتوانن هەڵبژاردن بكەن".

ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان، سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنیش ڕایگەیاند "یەكدوو ماددە" ماون كە ڕێككەوتنی سیاسیی لایەنەكانی لەبارەوە بكرێت.

سبەینێ‌ ١٨ی ئایار، شەش مانگی دەمێنێت بۆ وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە دیاری كراوە، كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم پێشتر ڕایگەیاندووە بۆ ئاماداەكاری بۆ هەڵبژاردن، شەش مانگی پێویستە، بەڵام هێشتا خودی كۆمیسیۆنەكە كە ماوەیەی یاسایی تەواو بووە، كێشەی لەسەرە.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتی "سەبارەت بە كۆمیسیۆن، لیژنەی پەرلەمانیمان دروست كردووە، ٨٤ كەس داواكارییان پێشكەش كردووە، ٥٤ كەسیان مەرجەكانیان تێدا بووە. ناوەكانمان ناردووە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاكی".

وەكوو سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی پێ‌ كرد، ئەو كەسەی دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، "نابێت دۆسیەی گەندەڵیی هەبێت و نابێت پێشتریش حوكم درابێت". هەروەها پێشبینیی كرد كە "لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا" وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاكی وەڵامیان بدەنەوە.

ڕۆژی ١١-٥-٢٠٢٣ لە وتاری كردنەوەی یادگەی بارزانی لە ناوچەی بارزان، مەسعود بارزانی پەیامێكی ئاراستەی سەرجەم حیزب و لایەنەكانی كوردستانی كرد بۆ "هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ‌" و داوای كرد بەر لە ١٨ی ئەم مانگە "كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان بۆ چارەسەری هەموو گیروگرفتەكان" ئەنجام بدەن، بەڵام ئەمڕۆ كە ١٧ی مانگە، هێشتا ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجام نەدراوە، تەنیا پارتی و یەكێتی كۆبوونەوەتەوە و ئەویش ئەنجامی یەكلاكەرەوەی نەبووە.

سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ڕێواز فایەق جەختی كردەوە كە "پێویستی بە ڕێكەوتنی سیاسی" هەیە و وتیشی "بەشی هەرەزۆری ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و ماددەی زۆر كەم ماوە، هیوادارم ئەو كەشە ئەرێنییەی ئێستا لە نێوان حیزبە سیاسییەكان دروست بووە، كاریگەریی هەبێت كە ئەو یەكدوو ماددەیەش تەواو بكەین".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا دواكەوتنی ڕاسپاردنی كۆمیسیۆن بۆ ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن كاریگەریی لەسەر كوالێتیی هەڵبژاردن نابێت؟ سەرۆكی پەرلەمان وتی "با پێش ڕووداوەكان نەكەوین، هەركات كۆمیسیۆن كارا كرایەوە و پێداویستییەكانی دابین كرا، ئەوكات ئەوان ڕەنگە بڵێن پێویستمان بە حەوت مانگە، یان بڵێن بە چوار مانگ كارەكانمان تەواو دەكەین".

ڕێواز فایەق وتیشی "هاوتەریب لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، دەبێت كۆمیسیۆنیش كارا بكەینەوە".

پاش پەیامەكەی مەسعود بارزانی، دوێنێ‌ پارتی و یەكێتی لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوە و لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، هەردوولا پەرۆش و هاوڕان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆیدا لەمساڵدا.

"هەردوو لا بڕیارماندا وەك یەك تیم كار بكەین و زنجیرەیەك كۆبونەوەی دیكەش ئەنجامبدرێ بۆ فەراهەمكردنی كەش و هەوای لەبار لە ڕووی یاسایی و سیاسیەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ڕووبەڕووبونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەكەدا هەیە" مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی وادەڵێن.

هەر لەسەر پرسی هەڵبژاردن، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، هێشتا لەگەڵ پارتی كەمێك كێشەیان هەیە لەبارەی هەڵبژاردن و وتی "دەكرێت بەڵام وردەكارییەكەی ماوە".

لە هەمان كاتدا كونسوڵخانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان لە پەیامێكی هاوبەشدا داوایان لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێم كرد هەموو هەنگاوێكی پێویست بنێن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن "بەبێ دواخستنی زیاتر" ئەنجام بدرێت.

كونسوڵخانە و نوێنەرایەتییەكانی بەریتانیا، ئەمەریكا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، كەنەدا، یەكێتی ئەورووپا، فەرەنسا، چیك، یۆنان، ئیتاڵیا، بولگاریا، پۆڵەندا و ڕۆمانیا لە پەیامەكەیاندا دەڵێن "ئێمە جەخت لە گرنگی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە دەكەینەوە. بەم پێیە داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانی عێراق دەكەین كە بەشێوەیەكی هاوبەش كار بكەن و ئەو ئاستەنگانەی كە ماونەتەوە تێپەڕێنن بە مەبەستی زامنكردنی پرۆسەیەكی هەڵبژاردن كە پابەند بێت بە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان و مافەكانی هەموو هاوڵاتییان بپارێزێت. لەوانەش ژنان و كەمینەكان، بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا.

پارتی و یەكێتی یەكتری تۆمەتبار دەكەن بە دروستكردنی لەمپەر لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ناكۆكی سەرەكیی نێوان ئەو دوو حیزبە لەسەر كورسیی پێكهاتەكانەو یەكێتی دەڵێت، ناچنە هەڵبژاردنێكەوە كە پارتی 11 كورسییەكەی پێكهاتەكانی لە بەرژەوەندی خۆی یەكلایی كردبێتەوەو داوای گۆڕانكاریی لە سیستمی هەڵبژاردن و كورسیی پێكهاتەكان دەكەن.

ناكۆكییەكان لەكاتێكدان لە ٣٠ ساڵی حوكمڕانی هەرێم و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە و پەرلەمان نزیكەی نیوەی تەمەنی بە درێژكردنەوە بەسەر بردووە.