شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە هەرێم دەکات و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت

18-05-2023 03:32

پەرەگراف

لە سبەینێوە شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی کەشناسیی هەرێم تایبەت بە دۆخی کەش و هەوا، لە ئەنجامی نزمە پەستانێکی قووڵی باشووری عێراق، نا سەقامگیریی کەش زۆربەی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کە لە رۆژی هەینی دەست پێ دەکات تاکو رۆژی دووشەمەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

"بەهۆی ئەم نزمە پەستانە شەپۆلێکی تۆزوخۆڵ زۆربەی ناوچەکانی باشووری عێراق دەگرێتەوە کە کاریگەرییەکەى دەگاتە هەندێ لە ناوچەکانی هەرێم بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشوور، هەروەها تاوە باران و بروسکە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە سەرەتا رۆژی هەینی لەناوچە شاخاویە سنوورییەکان دەبێت پاشان کاریگەریی بەرەو زۆربەی ناوچەکانی هەرێم درێژ دەبێتەوە".

کەشناسیی دەشڵێت "رۆژى شەممە کاریگەری دابارین زیاتر دەبێ لە تەواوی ناوچەکانی هەرێم لەزۆربەی کاتەکاندا وە بۆ رۆژی یەک شەممە کاریگەریەکەی بەردەوام دەبێت بەتایبەتی لەناوچە شاخاویە سنوورییەکانی رۆژهەڵات تاوەکو کاتەکانی ئێوارە".

لەبارەی خێرایی با و پلەکانی گەرما، کەشناسیی دەڵێت "خێرایی با تا رادەیەک چالاک دەبێت بە ئاڕاستەى گۆڕاو، سەبارەت بە پلەکانی گەرما بۆ رۆژ شەممە و یەک شەممە دابەزینی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت کە پێشبینی دەکرێت (5-6) پلە دابەزێت لەگەڵ تۆمارەکانی ئەمڕۆ پێنج شەممە".