بەردی بناغەی یەكەم وێستگەی گەورەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لە هەولێر دانرا

18-05-2023 05:13
دانانى بەردی بناغەی یەكەم وێستگەی گەورەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لەلایەن سەرۆکى حکومەتى هەرێمەوە

پەرەگراف

بەردی بناغەی یەكەم وێستگەی گەورەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لە هەولێر دانرا كە توانانی بەرهەمهێنانی ٢٥ مێگاوات كارەبای لە یەك كاتژمێردا هەیە. سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت "ئەگەر هاووڵاتیان ڕسوومات بدەن، حكومەت كارەبای ٢٤ كاتژمێرییان بۆ دابین دەكات".

پرۆژەكە دەكەوێتە گوندی منارەی دەوروبەری هەولێر. وێستگەكە ژینگەدۆستە و ئەو كارەبایەی بەرهەمی دەهێنێت بە تۆڕی كارەبای نیشتمانییەوە دەبەسترێتەوە. گوژمەی پڕۆژەكە ١٠٠ ملیۆن دۆلارە و ڕووبەرەكەی ٥٩٠ دۆنم زەوییە و بڕیارە لە ماوەی ساڵێكدا كارەكانی تەواو بكرێت.

لە وتارێكدا لە كاتی دانانی بەردی بناغەی "گەورەترین پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر" لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، وتی "پێویستە وەزارەتی كارەبا بە هاوكاریی كەرتی تایبەت، هەموو هەوڵێكی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانرێت كارەبای بەردەوام بە هاووڵاتیان بدرێت".

مەسرور بارزانی وتیشی "پێویستە هاووڵاتیانیش هاوكاریی حكومەت بكەن لە ڕێگەی بەفیڕۆنەدانی كارەبا و پێدانی ڕسووماتی كارەبا بەشێوەیەكی ڕێك و بەردەوام، بۆ ئەوەی حكومەتیش بتوانێت بەشێكی خەرجییە زۆرەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دابین و بكات و كارەبا بە باشی بە هاووڵاتیان بدات".

"دەبێت هاووڵاتیان بزانن كە ئەو كارەبای لەلایەن حكومەتەوە بە نرخێكی زۆر هەرزان پێیان دەدرێت، زۆر كەمترە لە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتیاندا"، سەرۆكی حكومەتی هەرێم وای وت.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم تیشكی خستە سەر ئەوەی كە بەرهەمهێنانی كارەبایان زیاد كردووە، بەڵام هێشتا نەیاتوانیوە كارەبای ٢٤ كاتژمێری بە هاووڵاتیان بدەن، یەكێك لە هۆكارەكانیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە "پێویستی و بەكارهێنانی كارەبا زۆر زیادی كردووە".

مەسرور بارزانی جەختی لە پێویستیی پێدانی پارەی كارەبا لەلایەن هاووڵاتیان كردەوە و وتی "حكومەتی هەرێم ئەركی ئەوەیە خزمەتگوزاریی باشتر بە هاووڵاتیان بگەیەنێت، هاووڵاتیانیش ئەركیان ئەوەیە بتوانن ئەو ڕسووماتەی دەكەوێتە سەریان، جێبەجێی یكەن".

هەروەها سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوە كرد كە حكومەت دەتوانێت بە كەمتر لەو پارەی هاووڵاتیان دیدەن بۆ موەلیدە، ئەو كارەبایەیان بۆ دابین بكات و وتیشی "ئەگەر هاووڵاتیان ڕسوومات بدەن، حكومەت كارەبای ٢٤ كاتژمێرییان بۆ دابین دەكات".

فەرمانگەى میدیا و زانیاریى حکومەتى هەرێم دەڵێت "لە هەرێمی کوردستان دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەى بەخۆر هەیە، کە توانای بەرهەمهێنانی سێ مێگاوات کارەبایان هەیە".

حکومەتى هەرێم بڕیاریشی داوە وێستەگەیەکی بەرهەمهێانی کارەبا بە گوژمەی ٢٣٥ ملیار دینار و توانای بەرهەمهێنانی ١٠٠ مێگاوات کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست بکات.