پلاسخارت بۆ حیزبەكانی هەرێم: پێویستە بە خێرایی لەسەر هەڵبژاردن ڕێك بكەون، كات لەبەردەستدا نەماوە

18-05-2023 08:44
جینین پلاسخارت، نێردەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق

پەرەگراف

نێردەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق هۆشدارییەكی نوێ‌ سەبارەت بە هەڵبژاردن دەداتە حیزبەكانی هەرێم و دەڵێت "پێویستە بە خێرایی لەسەر هەڵبژاردن ڕێك بكەون و كات لەبەردەستدا نەماوە".

جینین پلاسخارت، نێردەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە دۆخی عێراق، باسی لە دۆخی هەرێم كرد و وتی "ناكۆكییەكانی نێوان دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی هەرێمی كوردستان لە چارەسەر نزیك بووەتەوە".

پلاسخارت هیوای خواست حزبەكانی كوردستان "لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن" و هۆشداریی پێ‌ دان و وتی "دەمەوێت بیری حزبەكانی كوردستانی بهێنمەوە كە كاتمان لەبەردەمدا نەماوە، دەبێت بە شێوەیەكی خێرا لەسەر هەڵبژاردن ڕێككەوتن بكەن".

نێردەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق جەختی كردەوە كە "پێویستە حیزبەكانی كوردستان جیاوازییەكان وەلانێن و كار لە بەرژەوەندیی گەلی خۆیان بكەن".

پلاسخارت هەروەها ئاماژەی بە "مێژوو و جوگرافیای هەرێمی كوردستان" كرد و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تایبەتمەندییانە وتی "هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان زۆر دواكەوتوون، دواخستنێكی دیكە زیان بە متمانەی ڕایگشتی دەگەیەنێت".