بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو رێککەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان‏

19-05-2023 09:45
بافڵ تاڵەبانی لەسەر ئارامگەی نەوشیروان مستەفا، ١٩-٥-٢٠٢٣

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە شەش ھەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا سەردانی ئارامگەکەی و چیای کوڕی کردو لەپەیامێکدا دەڵێت، بە هەموو شێوەیەک ئامادەن بۆ هەنگاونان بەرەو رێککەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان‏.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی 

لەساڵیادی ژیانئاوایی کاک نەوشیروان، یەکێک لە هەڤاڵانی تێكۆشەری دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوڕێی سەرۆک مام جەلال، سەری رێز و وەفا لەبەردەم مێژووی پاکی دادەنەوێنم و ئەم رۆژە پڕخەمە بە شکۆوە بەرز رادەگرم. 

‏‎کاک نەوشیروان بیرمەند، سیاسەتمەداری کوردەواری و سەرکردەی شۆڕشی نوێ، قوتابخانەیەک بوو لە بیری نوێ، رۆشنفکری، بوێری و رچەشکێنی کاریزمایی رێکخراوەیی کە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی کوردایەتیدا رۆڵی رابەرایەتی دەگێڕا و بەشێکی گرنگی سەرخستنی خەباتی چەکداریی گەلەکەمان بوو.

 دەمەوێت ئەوە بڵێم کاک نەوشیروان باوک بوو، نەک تەنها بۆ منداڵەکانی بەڵکو باوک بوو بۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان.

‏‎ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر دەمەوێت بۆ گۆڕان قسە بکەم، کاتێک کێوێکی گەورەی وەک کاک نەوشیروان مێژوو و ناسنامەتان بێت، هەست بە ئومێد دەکەم و هیوایەک هەیە بۆ داهاتوو. کەواتە ئەمە دەبێت هاندەرمان بێت بۆ هەنگاوی گەورەتر.

‏‎کاتێک باوکێکی وەک کاک نەوشیروان کە شاخێک بوو لە ورە، لەبەرامبەر رەشەبادا کێوێک بوو لە دڵنیایی و لە سێبەرەکەیدا ئارامی دەبەخشی، لە فکریشدا ئومێدی پێدەبەخشیت، بێگومان لە دەستدانی ئازاربەخشە بەڵام بیروباوەڕی هاندەرە بۆ بەردەوامی.

‏‎من لە ئازاری بێباوکی بۆ نەوەکانی و گۆڕان تێدەگەم چونکە من و کاک قوباد بەو ئازارەدا تێپەڕین.

‏‎هیوادارم گۆڕان و یەکێتی ئەو شاخە بن بۆ میللەتەکەمان چونکە هەموو کەس ئەوە دەزانێت و حاشاهەڵنەگرە کە لە دوا پرۆژە و هەنگاویسیاسی ژیانیان، سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان زۆر لە یەکەوە نزیک بوون تا ئاستی یەکگرتنەوە و هەنگاوی گەورەشیان ناوە.

‏‎ئەم یادە بە دەرفەت دەزانم تاوەكو بە هەموولایەکی رابگەیەنم یەکێتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو رێککەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان.

‏‎گومانم نییە کە دەتوانین ئامانج و خەونەکانی مام و کاک نەوشیروان بەدیبهێنین و پێکەوە تەواویان بکەین.

‏‎ئەمەش رێگا دروستەکەی خەبات و گەیشتنە بە ئامانجە نەتەوەیی و کوردستانییەکان. 

‏‎هەزار سڵاو لە گیانی پاکی کاک نەوشیروان و سەرجەم تێکۆشەران و شەهیدانی رێگای رزگاری.

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی

‏‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان