وەزیری دارایی كێشەی مووچە و خزمەتگوزاری بە 'كێشەیەكی سیاسی' ناو دەبات

20-05-2023 12:30
ئاوات جەناب نوورى، وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمى کوردستان

پەرەگراف - سلێمانی

وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم، كێشەی مووچە و كێشە دارایی و خزمەتگوزارییەكانی دیكەش بە "كێشەیەكی سیاسی" ناو دەبات. دەشڵێت "تا كێشەی گەندەڵی چارەسەر نەكرێت، كێشە سیاسییەكانیش چارەسەر ناكرێن".

ئاوات جەناب نوورى، وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێم لە پشكی گۆڕان، ئەمڕۆ لە ساڵیادی كۆچی دوایی نەشیروان مستەفا، ڕێكخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕاندا بۆ میدیاكان دوا و وتی "ڕاستییەك هەیە دەبێت هەموو خەڵك بیزانن، كێشەی سەرتاسەریی سیاسی و ئابووری لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش هەیە، تا ئەو كێشانە چارەسەر نەبن، كێشەی سەرەكیی خەڵك چارەسەر نابێت".

ئاوات جەناب نوورى وتیشی "بزوێنەری بنەڕەتیی ئەو كێشانە، ئەگەر لە ڕووی دارایی و ئابووری و مووچە و خزمەتگوزارییەوە سەیری بكەیت، كێشەیەكی سیاسییە كە سەرتاپای نوقم بووە لە گەندەڵیدا، تا كێشەی گەندەڵی چارەسەر نەكرێت، كێشە سیاسییەكانیش چارەسەر ناكرێن".