پەرلەمانی عێراق ڕۆژی دووشەممە دەست بە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بوودجە دەكات

20-05-2023 03:05

پەرەگراف

جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، پەرلەمانی عێراق ڕۆژی دووشەممە 22-5-2023، دەست بە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بوودجەی گشتی دەكات.

مەندەلاوی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی شەفەقنیووز ڕایگەیاند "هیچ لەمپەرێک لەبەردەم پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بوودجەدا نییە و هەموو کوتلە سیاسییەکان لەسەری ڕێککەوتوون".

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی ١٣-٣-٢٠٢٣ پرۆژەیاسای بوودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەند كرد و لە ڕۆژی ١٦ی هەمان مانگ بە فەرمی ڕادەستی پەرلەمانی كرد.

پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەی بودجەكەدا بە لە سەدا ١٢.٦ جێگیر كراوە، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد.

دوو ڕۆژ دواتر مەسرور بارزانی ڕایگەیاند "پێشوازی لە پەسەندكردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەكەن و بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، میكانیزم و ڕێكاری پێویست دادەنێن بۆ ئەوەی بڕگەكانی ئەم یاسایە لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و عێراق جێبەجێ بكرێت".

حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا دەكات ئەم پڕۆژەیاسایە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لە ماوەیەكی نزیكدا پەسەند بكرێت، تاكو هەرچی زووە بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.