وەزارەتی کشتوکاڵ شەش ڕێکاری بەپەلە دەگرێتەبەر بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون

20-05-2023 04:47

پەرەگراف

وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم، گرتنەبەری شەش ڕێکاری "بەپەلە و گرنگ"ی ڕاگەیاند بۆ ڕێگری لە پەرەگرتنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، داوای کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەی نافەرمی دەکات.

ڕێکارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە ئەمانەن:

یەکەم: پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەر ببڕدرێن و بە پشکنین و مۆری فەرمیی ڤێرتێرنەری بچێتە بازاڕەوە؛ سەربڕینیئاژەڵیش لەسەر ڕێگاکان و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە.

دووەم: دەبێت پشکنین بۆ ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بکرێت، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکە.

سێیەم: پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکاندا ڕەچاو بکرێت.

چوارەم: کەرەنتینەکانی ئاژەڵ لە مەرز و فرۆکەخانەکاندا، پێویستە پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکەن کە دێنە ناو هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکان.

پێنجەم: وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بە مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆریدەرەکی (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان، ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستیهەرێمی کوردستان دەبێت.

شەشەم: کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەیەکی نافەرمی و لە سنوورەکانی دەرەوە و نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق،هەروەها ڕێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی کە نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاو بووەتەوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ جگە لە دەرکردنی چەند ڕێکارێک بۆ ڕێگری لە پەرەگرتنی ئەو نەخۆشییە، هانی هاووڵاتییان و گۆشتفرۆشانیش دەدات خۆیان بپارێزن و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن.