لە هاتووچۆی سلێمانییەوە بۆ شۆفێران: ئاگاداربن کامێرای چاودێری تیژڕەویی خاڵ بۆ خاڵ دەکەوێتە کار

21-05-2023 03:44
یەکێک لەو کامێرایانەی لە ڕێگای سلێمانی - دوکان ساڵی ڕابردوو تەقەی لێکراو زیانی بەرکەوت.

پەرەگراف

هاتووچۆی سلێمانی شوفێران ئاگادار دەکاتەوە کە پڕۆژەی کامێرای چاودێری تیژڕەوی ناسراو بە -خاڵ بۆ خاڵ Point to Point - دەکەوێتە کار.

"وەکو هەنگاوی یەکەم ٢٤ کامێرا لە نێوان تاسڵوجە تا دوکان لە رۆژی یەک شەممە ٢١ی ئایار تا یەک شەممە ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣ دەچنە قۆناغی تاقیکردنەوە (test) و تیژڕەوی تۆمار دەکەن بەڵام شوفێرانی سەرپێچیکار سزا نادرێن. لە رۆژی دوو شەممە ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٣ ەوە کاتژمێر ٠٨:٠٠ ی بەیانی کامێراکان تیژڕەوی تۆمار دەکەن و شوفێری سەرپێچیکار سزای دارایی بە گوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٧٩)ی ساڵی ٢٠١٦ دەدرێت" هاتووچۆی سلێمانی وادەڵێت.

داواش دەکات، شۆفێران پابەندبن بە مەبەستی پاراستنی خۆیان و بەکارهێنەرانی دیکەی شەقام و دوورکەوتنەوە لە سزای دارایی.

دانانی ئەو كامێرای چاودێری تیژڕەوییانە بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ -پۆینت تو پۆینت-، ناڕەزایی فراوانی خەڵکی لێکەوتووەتەوەو هەریەكە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و داواكاری گشتی دژی وەستانەوەو بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كۆمپانیاكە دەكەن، بەڵام فشارو ناڕەزاییەکان کاریگەرییان نەبووە.

کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ هەیەو بەردەوامە لەسەر کارەکانی، بەپێی گرێبەستەکە ٢٢٠ کامێرا لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێن، شوێنی كامێراكان بریتین لە (ناوشاری سلێمانی لە شەقامی 60 مەتری و 100 مەتری، ڕێگاكانی نێوان سلێمانی - ڕاپەڕین، سلێمانی - چەمچەماڵ، سلێمانی - گەرمیان و سلێمانی - هەڵەبجە).

لە پارێزگاکانی هەولێرو دهۆکیش هەمان سیستم جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی گرێبەستەكە، تا ئەو كاتەی كۆی تێچووی پرۆژەكە دەدرێتەوە بە كۆمپانیانی جێبەجێكار، لەسەدا 70ی داهات بۆ كۆمپانیا و لەسەدا30 بۆ حكومەت دەبێت، دواتر لەسەدا 80ی داهات بۆ حكومەت و لەسەدا 20 بۆ کۆمپانیا دەبێت تا 15 ساڵ، پاش ئەوە كۆی پرۆژەكە دەبێت بەهی حكوومەت.

داواكاری گشتیی سلێمانی لە ١٨-٨-٢٠٢٢ نووسراوێكی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی لێكۆڵینەوەی دەستپاكی كردووە و داوای گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرانبەر دانانی كامێراكانی تیژڕەوی کردووە و دەڵێت "گرێبەستی دانانی كامێرای چاودێریی تیژڕەوی پێچەوانەی یاسایەو زیان بە بودجەی گشتی دەگەیەنێت".

داواكاری گشتیی سلێمانی دەشڵێت، سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی لە 19-1-2022 داوای لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە، بەڵام تا ئێستا هیچ كارێكی پێویست لەو ڕووەوە ئەنجام نەدراوە.