پارتی داوا دەکات پەرلەمان كاراكردنەوەی كۆمسیۆن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن بخاتە بەرنامەی کارەوە

21-05-2023 04:33

پەرەگراف

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات كاراكردنەوەی كۆمسیۆن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانەوە.

زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: داواكارین بۆ دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان دوو بڕگە بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنەكە زیاد بكرێت؛ بڕگەی یەكەم: كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان. بڕگەی دووەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەو پرۆژانەی بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشكەشكراون.

ئەو داوایە لەکاتێکدایە پەرلەمان چاوەڕێی ڕێککەوتنی حیزبەکانەو هێشتا پارتی و یەکێتی لەسەر هەڵبژاردن نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی و ئەمڕۆش مەکتەبی سیاسی ئەو دوو حیزبە جارێکی دیکە لەسەر ئەو پرسە کۆدەبنەوە.

پارتی و یەكێتی یەكتری تۆمەتبار دەكەن بە دروستكردنی لەمپەر لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ناكۆكی سەرەكیی نێوان ئەو دوو حیزبە لەسەر كورسیی پێكهاتەكانەو یەكێتی دەڵێت، ناچنە هەڵبژاردنێكەوە كە پارتی ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانی لە بەرژەوەندی خۆی یەكلایی كردبێتەوەو داوای گۆڕانكاریی لە سیستمی هەڵبژاردن و كورسیی پێكهاتەكان دەكەن.

سەرباری فشارە ناوخۆییەکان، وڵاتانی ڕۆژئاواش چەندجارێک داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە لە وادەی خۆیدا کە ١٨-١١-٢٠٢٣یە، ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگەیش كونسوڵ و نێردەی دیبلۆماسیی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پەیامێكی هاوبەشدا داوایان لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێم كرد هەموو هەنگاوێكی پێویست بنێن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بەبێ دواخستنی زیاتر ئەنجام بدرێت.

دوێنیش باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق جەختی کردەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمساڵدا و بۆ ئەو مەبەستەیش گفتوگۆی لەگەڵ مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی كرد.

ئەلینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لە هەژماری خۆی لە تویتەر وتی "لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانیی جێگری قسەم كرد، ستایشی گفتوگۆی سەركەوتووانە و پێشكەوتنی بەدەستهاتووی نێوانیانم لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا كرد".

ڕۆمانۆوسكی دەشڵێت "هانی هەردوولام دا بۆ بەهێزكردنی هەماهەنگیی نێوانیان سەبارەت بە كارە لەپێشینە هاوبەشەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و خۆتەرخانكردن بۆ مافەكانی مرۆڤ و هەڵبژاردن پێش كۆتایی ٢٠٢٣".

ناكۆكییەكان لەكاتێكدان لە ٣٠ ساڵی حوكمڕانی هەرێم و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە و پەرلەمان نزیكەی نیوەی تەمەنی بە درێژكردنەوە بەسەر بردووە.