بۆچی كۆبوونەوەی پەرلەمان گرژی و شەڕی تێ‌ كەوت؟ ئایا كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن كارا كراوەتەوە؟

22-05-2023 12:12

پەرەگراف - هەولێر

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان گرژی و شەڕ تا ئاستی لێدان لە یەكتر لە نێوان پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتی و پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتی دروست بوو. گرژییەكان پاش ئەوە دروست بوو كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنەكەی دواخست و جێگرەكەی هەوڵی دا درێژە بە دانیشتنەكە بدات، بەڵام فراكسیۆنی یەكێتی ڕێگریی كرد.

فراكسیۆنی پارتی لە ڕێگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە سوور بوو لە درێژەدا بە كۆبوونەوەكە و دەڵێت بە دەنگی ٥٨ پەرلەمانتار، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی كارا كردووەتەوە. بەڵام فراكسیۆنی یەكێتی ڕەتی دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت ئەو دەنگدانەى لەسەر کاراکردنەوەى کۆمیسیۆن کراوە "تۆمارکراو بووە و هى پێش کۆبوونەوەکە بووە".

ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە سەرەتای دەسپێكی كۆبوونەوەكە وتی "زیادكردنی بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن بۆ كارنامەی دانیشتنی پەرلەمان، ناپەیڕەوییە، بۆیە لەپێناو پاراستنی یەكڕیزیی نیشتمانی و كۆدەنگیی هێزە سیاسییەكان، بڕیام دا دەسەڵاتی ڕەهای خۆم كە پەیڕەوی ناوخۆ پێی داوم، بەكار دەهێنم و كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ كاتێكی نادیار دوادەخەم".

ڕاستەوخۆ دوای قسەكەی سەرۆكی پەرلەمان، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، هەوڵی درێژەدان بە كۆبوونەوەكەی دا و وتی "كێ‌ لەگەڵ ئەوەیە كۆبوونەوەكە بەردەوام بێت دەست بەرز بكاتەوە".

دواتر پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتی چوونە شوێنی دانیشتنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ ڕێگری لە درێژەدان بە كۆبوونەوەكە و گرژی لە نێوان پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی دروست بوو.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاو كراونەتەوە، شەڕە دەبە و شەڕێ‌ دەستەویەخەش لە نێوان چەند پەرلەمانتارێك دروست بووە، كە لە ئەنجامدا زیاد جەبار، پەرلەمانتاری یەكێتی بریندار بووە.

لەناو ئەو گرژی و ئاڵۆزییەدا، زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند "٥٨پەرلەمانتار لە دانیشتنەكەدا دەنگیان دا بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و ئێستا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كارایە".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وتیشی "زۆرینەی پەرلەمانیمان بەكارهێنا بۆ ڕێگری لەو عەقڵییەتەی دەیانەوێت قەوارەی دەستووریی ھەرێمی كوردستان لەدەست بدەین".

بەڵام سەرۆكی پەرلەمان لە كاتی جێهێشتنی پەرلەمان سەبارەت بە درێژەدان بە كۆبوونەوەكە و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن لەلایەن فراكسیۆنی پارتییەوە، بۆ میدیكان وتی "دانیشتنی پەرلەمان كۆتایی هات، وەكوو ئەوە وایە مردوو بێت، مردوو زیندوو ناكرێتەوە".

فراكسیۆنی یەكێتیش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بەپێی یاسا و پەیڕەو، بە بڕیاری سەرۆكی پەرلەما هەڵگیراوە بۆ كاتێكی نادیار".

فراكسیۆنی یەكێتی وتیشی "بەپێی ماددەی ١٨ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانە كە دانیشتنی هەڵگرتووە و بە هیچ شێوەیەكیش كۆبوونەوەكە بەردەوام نەبووە، لەبەر ئەوەی گرژیی تێ‌ كەوتووە".

فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت "ئەو دەنگدانەی كە لەسەر كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن دراوە، هی پێش كۆبوونەوەی پەرلەمان بووە و ڕیكۆردكراو (تۆماركراو) بووە، لەناو كۆبوونەوەكەدا هیچ قسەیەك نەكراوە".

فراكسیۆنی گۆڕانیش جەخت لە بنەمانی "سازان"ی نێوان لایەنەكان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن دەكاتەوە و دەڵێت "بەردەوام لە ڕێككەوتنە سیاسی و یاداشتە لێكتێگەیشتنەكان جەختمان لێ‌ كردووەتەوە و بە واژووی خۆمانەوە پابەندین".

گوڵستان سەعید، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "پێمان وایە هێز و لایەنە سیاسییەكان بە تەبایی و یەكڕیزی دەتوانین هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكەین و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان كارا بكەینەوە".