نووسینگەى سەرۆكی پەرلەمان: هەر نووسراوێك بەبێ واژووی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەك بنێردرێت، بەهایەكی یاسایی نییە

22-05-2023 02:24

پەرەگراف

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە ڕاگەیەندراوێك "دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و ڕایگشتی" ئاگادار دەكاتەوە كە دەرئەنجامی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان دوای دواخستنی، "بەهای یاسایی نییە". دەشڵێت "هەر نووسراوێك بەبێ واژووی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەك بنێردرێت، هیچ بەهایەكی یاسایی نییە".

ئەم ڕاگەیەندراوەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پاش ئەوە هات كە ناوبراو ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی "بۆ كاتێكی نادیار" دواخست، بەڵام فراكسیۆنی پارتی ڕایگەیاند كە لە ڕێگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە درێژەی بە كۆبوونەوەكە داوە و "بە دەنگی 58 ئەندامی پەرلەمان" كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كارا كردووەتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان:

بەرمەبنای دانیشتنی ژمارە (٤)ی رۆژی دووشەممە ٢٢/٥/٢٠٢٣ كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی لە بڕگەی سێیەم لە ماددە (١٨) لە پەیڕەوت ناوخۆ پێیدراوەو تێیدا هاتووە (كردنەوەی خول و دانیشتنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتیكردنیان، كۆتاییپێهێنان و دواخستنیان، دەستنیشانكردنی كاتی ئەنجامدانیان) دانیشتنی ئاماژە بۆ كراوی سەرەوە دواخراوەو كۆتایی پێهات، لێرەوە رایدەگەینین:

یەكەم: هیچ دەرئەنجامێكی ئەو دانیشتنە دوای دواخستنی بەهای یاسایی و پەیڕەوی نابێت.

دووەم: بەپێی بڕگەی (١١)ی ماددەی (١٨) دەسەڵاتی واژووكردنی سەرجەم نووسراوەكانی پەرلەمان تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان دایەو بەڕێزیان ئەو دەسەڵاتەی بەكەسی تر نەداوە مومارەسەی بكات، بۆیە هەر نووسراوێك بەبێ واژووی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەك بنێردرێت هیچ بەهایەكی یاسایی نییە.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان