سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە سەرتاسەری هەرێم لە یەک هەژماری بانکیدا کۆدەکرێنەوە

22-05-2023 04:50

پەرەگراف

بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی داهات بەڕێوەچوو، سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند "بڕیاری یەکخستنی ئەژمێری بانکیی سەرجەم سەرچاوەکانی داهاتمان دا لە سەرتاسەری هەرێم لە یەک حسابی بانکی".

"هەروەها کۆتاییهێنان بە دابەشکاریی ڕێژەیی کە دەبێ هەرچی زووە بەیەکەوە بەستنەوەی بانک و گەنجینەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سیستمێکی ئەلکترۆنییەوە جێبەجێ بکرێن، هەم بۆ پاراستنی داهاتی گشتی و هەم بۆ برەودان بە شەفافیەت لە داهات وخەرجیەکان بە ئاراستەی داڕشتنی پلانی خەرجیی بە مەبەستی هێنانەدی هاوسەنگیی لە نێوان داهات وخەرجییەکان" مەسرور بارزانی وادەڵێت.

دەقی ڕاگەیەندراوی سەرۆکی حکومەت لەبارەی کۆبوونەوەکە

ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی هەرێمی کوردستانمان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەی بوو، بڕیاری کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو، کە تێیدا بە کۆی دەنگ بڕیاری ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم پەسەند کرا و سەرۆک وجێگری سەرۆک وەزیران سەرپشککران بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزمیی بە پەلە بۆ خستنەبواری جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

گفتوگۆمان لەبارەی داڕشتنی میکانیزمێکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی داهات و خەرجییە گشتییەکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان کرد و جەختمان لەوە کردەوە کە دابینکردنی مووچە وەک ئەولەویەتی خەرجیەکان و مامەڵەکردنی وەک خەرجییەکی سیادی، کاری لە پێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هەرچی خەرجیە گشتیەکانی دیکەشە، پێویستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لە سەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەروەها بڕیاری یەکخستنی ئەژمێری بانکیی سەرجەم سەرچاوەکانی داهاتمان دا لە سەرتاسەری هەرێم لە یەک حسابی بانکی و هەروەها کۆتاییهێنان بە دابەشکاریی ڕێژەیی کە دەبێ هەرچی زووە بەیەکەوەبەستنەوەی بانک و گەنجینەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سیستمێکی ئەلکترۆنییەوە جێبەجێ بکرێن، هەم بۆ پاراستنی داهاتی گشتی و هەم بۆ برەودان بە شەفافیەت لە داهات وخەرجیەکان بە ئاراستەی داڕشتنی پلانی خەرجی بە مەبەستی هێنانەدی هاوسەنگیی لە نێوان داهات وخەرجیەکان.

ئاماژەمان بەوە دا کە ئێستا بە هاوکاری پسپۆڕ و شارەزایانی ناوخۆ و بیانی، کار لەسەر دروستکردنی سیستەمێکی دارایی و بانکی پێشکەوتوو و هاوچەرخ لە هەرێمی کوردستان دەکەین.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان، باسمان لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کرد کە ئێستا لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانە. لەمبارەیەوە هەڵوێستی حکومەتی هەرێممان لە پابەند بوون بە ڕێککەوتننامەی نەوتیی 2023/4/4 و بڕگەکانی هاتوو لە پڕۆژە یاسای بودجە دووپات کردەوە، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە ڕۆڵیان هەبوو لەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆژە یاسای بودجە کرن بە ئاراستەی لابردنی ئەو دەستەواژانەی کە کۆتوبەندبوون لەسەر ناردنی بەشە بودجەی شایستەی هەرێم و دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران وئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان دەکەین کە بە یەک دەنگ داکۆکیان لە ماف وشایستە دەستووریەکانی هەرێم کردوەو دەبێ هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن لە پێناو دابینکردنی مووچە وبژێوی هاووڵاتیانی هەرێم لە بودجەی عێراقی فیدڕاڵ.

داواش لە حکومەتی فیدڕاڵیی و لایەنە سەرەکیەکانی پێکهێنەری کابینەی وەزاری دەکەین، بە پێی دەستوور، پابەندبن بە بەجێگەیاندنی ڕێکەوتنەکان و زامنکردنی شایستە ومافەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.