نووسراوی پەرلەمان گەیشتە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن بۆ دەستبەکاربوونەوەیان

23-05-2023 12:34

پەرەگراف- ھەولێر

نووسراوی پەرلەمانی کوردستان گەیشتە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی ھەرێم بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و دەستبەکارکردنەوەو ئامادەکاریی بۆ ھەڵبژاردن.

سەرچاوەیەک لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن بە پەرەگرافی وت "بەیانیی ئەمڕۆ نووسراوەکە لە پەرلەمانەوە گەیشتە کۆمسیۆن کە بڕیاری پەرلەمانە بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن".

بە وتەی سەرچاوەکە "کۆمسیۆن کار بەو بڕیارە دەکات و دەستدەکات بە ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا کە ١٨-١١-٢٠٢٣ یە".

ناردنی نووسراو بۆ کۆمسیۆن دوا ئەوەدێت دوێنێ پارتی و پێکھاتەکان لە پەرلەمان کۆمسیۆنیان کارا کردەوە، بەڵام یەکێتی کە بایکۆت یکۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کرد دان بەوەدا نانێت، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی دواخست بەڵام جێگرەکەی درێژەی پێداو شەڕو ئاڵۆزیی لێکەوتەوە.

سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت دەرئەنجامی درێژەدان بە دانیشتنەكە "بەهای یاسایی و پەیڕەوی"ی نییە، بەڵام جێگرەكەی دەڵێت "هەموو دەرئەنجامەكانی بەهای یاسایی و پەیڕەویی دەبێت".

پاش كۆبوونەوەكەی پەرلەمان و ئەو گرژییەی لێی كەوتەوە، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە ڕاگەیەندراوێك "دامەزراوە دەستوورییەكانیهەرێمی كوردستان و ڕایگشتی" ئاگادار کردەوە كە دەرئەنجامی دانیشتنی پەرلەمان دوای دواخستنی، "بەهای یاسایی نییە". ڕێواز فایەق وتیشی "هەر نووسراوێك بەبێ واژووی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەك بنێردرێت، هیچ بەهایەكی یاسایی نییە".

لە وەڵامیشدا، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت "سەرۆكی پەرلەمان بە نایاسایی و ناپەیڕەوی هەوڵی كۆتاییپێهێنانی دا و دانیشتنەكەی بەجێهێشت، بۆیە هەموو دەرەنجامەكانی دانیشتنەكە بەهای یاسایی و پەیڕەوییان دەبێت".

"هەموو نووسراوێك كە بە واژۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی دەرەنجامەكانی دانیشتنی ژمارە (4)ـی ڕێكەوت 22-5-2023 بۆهەر دامەزراوەیەك بنێردرێت هەموو بەهایەكی یاسایی هەیە" ھێمن ھەورامی وا دەڵێت.