بافڵ تاڵەبانی: ئەوەی نەدەبوو رووبدات روویدا، دەمانەوێت یاری بە چارەنووس و دەنگی خەڵکەوە نەکرێت

پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی حیزبەکەی کۆبووەوەو پشتیوانیی بۆ ھەڵوێستەکانیان دەربڕی و دەڵێت "رێگریان لەکارێکی یاساشکێنی کرد و ئیرادەی خەڵکیان سەرخست و رێگرییان لە شکاندنی شکۆی پەرلەمان گرت".
"هەڵوێستی دوێنێتان بۆ سەرخستنی ئەزموونی دیموکراسیی هەرێم مایەی شانازیی یەکێتی، دڵسۆزانی گەل و دۆستانی دیموکراسی بووکە دەیانەوێت هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و یاری بە چارەنووس و دەنگی خەڵکەوە نەکرێت" سەرۆکی یەکێتی وادەڵێت.
دەقی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەڤاڵان رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و ئاسۆ مامەند،کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لە دەباشان پێشوازیان لە سەرۆکی پەرلەمانو فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کرد.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ستایشی رۆڵی مێژوویی و ئازایانەی فراکسیۆنی یەکێتی کرد و پشتیوانی تەواوییەکێتی بۆ سەرۆکی پەرلەمان دووپاتکردەوە کە لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، رێگریان لەکارێکی یاساشکێنی کرد و ئیرادەی خەڵکیان سەرخست و رێگرییان لە شکاندنی شکۆی پەرلەمان گرت. وتیشی، هەڵوێستی دوێنێتان بۆسەرخستنی ئەزموونی دیموکراسیی هەرێم مایەی شانازیی یەکێتی، دڵسۆزانی گەل و دۆستانی دیموکراسی بوو کە دەیانەوێت هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و یاری بە چارەنووس و دەنگی خەڵکەوە نەکرێت.
سەرۆک بافڵ راشیگەیاند، لەسەرەتای دروستبوونی کێشە سیاسی و یاساییەکانەوە سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، یەکێتی بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کاری بۆ سازان و رێککەوتنی نیشتمانی کردووە و ھەنگاوی پێویست نراوە لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکاندا کە یاسایهەڵبژاردن هەمووار بکرێتەوە و ھاوتەریب کۆمسیۆنیش کارابکرێتەوە. دوور لە خۆسەپێنی خواستی کۆمەڵانی خەڵکی تێدا جێبەجێ بکرێت وکورسی کۆتاکان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان بەکارنەهێرێت وەک ئەوەی دوێنێ بینیمان و بەداخەوە ئەوەی نەدەبوو رووبدات،روویدا.
لەبارەی نوێنەرایەتی پێکهاتەکان و هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆیانەوە سەرۆک بافڵ وتی، ئێمە لە سەرەتاوە داوامانکردووە پێکهاتەکان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بکەن و لە ململانێ سیاسی و حزبییەکاندا بەکارنەهێنرێن.
لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، وێڕای هەڵوەستەکردن لە سەر دۆخی گشتیی هەرێم و عیراق بەرچاوروونیدایە پەرلەمانتارانی یەکێتی و داوایکرد، وەک هەمیشە پشتبەستوو بە یاسا لە سەنگەری بەرگری لە مافەکانی خەڵکدا بن و رێگە نەدەن دامەزراوەیشەرعی و یاساییەکان بۆ بەرژەوەندی حزبی بەکاربهێنن و شکۆی دامەزراوە نیشتمانییەکان لەکەدار بکرێت.
لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ گەشبینی خۆشی نیشاندا کە بە پشتیوانیی دڵسۆزانی گەل و وڵات ئەم دۆخەش تێدەپەڕێنین و داوایکرد، هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغە هەستیارەدا بکەن. وتیشی، دەبێت بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ئەرکی لەپێشینەمان بێت.
سەرۆكی یەكێتی وتیشی، سەرباری ئەو كێشەیەی لە پەرلەمان روویدا، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەسەر باوەڕە نەگۆڕەكانی خۆیسوورە و دەرگای بۆ هەموو گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنێك كراوەیە كە ئامانج لێی چارەسەركردنی كێشەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەردبێت لە وادەی خۆیدا.