دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی سکاڵاکان لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دواخرا

24-05-2023 12:53
ساتی دەنگدانی پەرلەمانتاران بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و ناڕەزایی سێ پەرلەمانتاری نەوەی نوێ. ٩-١٠-٢٠٢٢. وێنە؛ ماڵپەڕی پەرلەمان

پەرەگراف

ئەمڕۆ هەشتەم دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵاکان لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، دادگاکە جارێکی دیکە بڕیاردانی دواخست و ٣٠ی ئەم مانگەی دیاری کرد بۆ دانیشتنی داهاتوو لەسەر ئەو دۆسیەیە.

ئەوە لەکاتێکدایە  پارتی و پێکھاتەکان لە پەرلەمان کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمیان کارا کردووەتەوە، بەڵام یەکێتی کە بایکۆتی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کرد دان بەوەدا نانێت، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی دواخست بەڵام جێگرەکەی درێژەی پێداو شەڕو ئاڵۆزیی لێکەوتەوە.

ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان كە ڕۆژنامەی فەرمیی هەرێمی كوردستانە و وەزارەتی داد دەری دەكات، بڕیاری پەرلەمانی كوردستانی بۆ كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بڵاو كردەوە. یەكێتیش كاراكردنەوەی كۆمسیۆن "بەبێ سازانی لایەنەكان و بە ‌ناپەیڕەویی لە پەرلەمان"، ڕەت دەكاتەوە و کۆمسیۆنەکە بە "بەسەرچوو" ناودەبات و بانگەشە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە دەکات. 

لە بەرانبەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، سكاڵا لەسەر سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و كاوە عەبدولقادر، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان و یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، تۆمار كراون. دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق هەر چوار سكاڵاكەی كردووە بە یەك.

سكاڵاكاران دەڵێن، درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پەرلەمان خۆیەوە، نایاساییە و پێچەوانەی دەستووریشە. داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ی تایبەت بە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، كە لە ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كرا.

پارتی و یەكێتی یەكتری تۆمەتبار دەكەن بە دروستكردنی لەمپەر لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ناكۆكی سەرەكیی نێوان ئەو دوو حیزبە لەسەر كورسیی پێكهاتەكانەو یەكێتی دەڵێت، ناچنە هەڵبژاردنێكەوە كە پارتی ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانی لە بەرژەوەندی خۆی یەكلایی كردبێتەوەو داوای گۆڕانكاریی لە سیستمی هەڵبژاردن و كورسیی پێكهاتەكان دەكەن.

سەرباری فشارە ناوخۆییەكان، وڵاتانی ڕۆژئاواش چەندینجار داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان كردووە لە وادەی خۆیدا، ١٦ی ئەم مانگەیش كونسوڵ و نێردەی دیبلۆماسیی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پەیامێكی هاوبەشدا داوایان لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێم كرد هەموو هەنگاوێكی پێویست بنێن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بەبێ دواخستنی زیاتر ئەنجام بدرێت.