یەكێتی‌و گۆڕان پشتیوانییان بۆ جێبەجێكردنی لامەركەزی ڕاگەیاند؛ پارتی چاوەڕێی چییە؟

05-05-2020 02:21
سەردانی شاندەكەی یەكێتی بۆ مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە سلێمانی. وێنە؛ بڕیار نامیق.


پەرەگراف

یەكێتی‌و گۆڕان لە سلێمانی كۆبوونەوەو پشتیوانییان بۆ هەوڵەكانی سیستمی لامەركەزی ڕاگەیاند بەوجۆرەی لە ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتدا هاتووە. هەفتەی داهاتووش پارتی‌و یەكێتی كۆدەبنەوەو پارتی چاوەڕوانی وردەكاریی پڕۆژەی لامەركەزییە كە لە سلێمانییەوە كاری بۆدەكرێت.

فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند، پارتی ‌و یەكێتی ڕۆژی شەممەی داهاتوو لە بارەگای سەرۆكی هەرێم كۆدەبنەوە.

ئەو كۆبوونەوەیە دوای گرژییەكانی نێوان هەردوو حیزب دێت كە بەهۆی جوڵەی هێزی پێشمەرگە بۆ زینی وەرتێ زیاتر تەشەنەی سەند‌و هێرشی ڕاگەیاندیان لە دژی یەكتر دەستپێكرد.

كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی نێوانیان یەكەم كۆبوونەوەی پارتی دەبێت لەگەڵ مەكتەبی سیاسی نوێی یەكێتی، هەرچەندە بڕیاربوو پێشتر ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت، بەڵام بە هۆكارێكی ڕانەگەیەندراو دواخرا.

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی داواشی كرد، لایەنە سیاسییەكان كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن‌و كێشەكانیان نەبەنە ناو حكومەت، "حكومەت‌و پەرلەمان هی هەموویانە.. سەركەوتنی حكومەت سەركەوتنە بۆ میللەتەكە".

لەبارەی هەڵوێستی حیزبەكەی لەسەر پرسی لامەركەزی كە ئێستا لە سلێمانی كاری بۆ دەكرێت، فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەكرد چاوەڕوانی ئەوەن بزانن چ جۆرە لامەركەزییەتێك داوا دەكرێت‌و وردەكارییەكەی چۆنە.

میرانی وتی: برادەرانی سلێمانی لیژنەیەكیان بۆ لامەركەزی پێكهێناوە، هەر شتێك لە هەر پارێزگایەك ئامادەبكرێت دەبێت بچێتەوە حكومەت‌و ئەگەر پێویستی بە یاسا بێت دەچێتە پەرلەمان، ئێمەش چاوەڕوانی ئەوە دەكەین، ئەگەرنا ئەو لامەركەزییەتەی لە بەرنامەی حكومەتدا هاتووە ئێمە لە 2009وە كاری بۆدەكەین، لە هەقیقەتیشدا هەولێر زیاتر پێویستی بە لامەركەزییەت هەیە.

یەكێتی‌و گۆڕان وەك حیزب‌و لە ڕێی نوێنەرەكانیشیان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كار بۆ لامەركەزییەت دەكەن‌و سەرقاڵی نووسینەوەی پڕۆژەن لەو بارەیەوە، ئەمڕۆش شاندێكی باڵای یەكێتی لەسەر ئەوپرسە سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی كرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی كۆبوونەوەكە، هەردوولا جەختیانكردووەتەوە لەوەی؛ پشتیوانی هەوڵەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانن بۆ جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزی و گرتنەبەری ڕێكارە یاساییە پێویستەكان، وەك لە ڕێككەوتنی نێوان هێزە بەشدارەكانی حكومەت و كارنامەی حكومەتی هەرێمدا هاتووە.

لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕان‌و یەكێتی تەئكید لەوە دەكەنەوە؛ دابینكردنی بژێوی خەڵك و موچە، ئەركی سەرەكی حكومەتی هەرێم و لایەنە بەشدارەكانییەتی و پێویستە هەموو هەوڵەكان لەم پێناوەدا بخرێتە گەڕ.

لەسەر ئاستی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانیشیان، هەنگاوە كردارییەكانی پەرەپێدانی زۆرتری پەیوەندییەكانیان و پتەوكردنی متمانە دەگرنەبەر.