پلاسخارت: بەردەوامیی شەڕی ناوخۆیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بێزارکەرە

24-05-2023 06:47

پەرەگراف

جینین پلاسخارت جارێکی دیکە بێزاریی لە شەڕی سیاسی نێوان حیزبەکانی ھەرێم پیشانداو داوا دەکات بە خێرایی زەمینەی ھاوبەش بۆ ھەڵبژاردن بدۆزنەوە.

نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە تویتەر ڕایگەیاند "بەردەوامیی شەڕی ناوخۆیی سیاسیی لە هەرێمی کوردستانی عیراق، بێزارکەرە. دووبارە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین لە بەرژەوەندی گەل کار بکەن و بە خێرایی زەمینەی هاوبەش بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەکانی هەڵبژاردن بدۆزنەوە".

پلاسخارت دەشڵێت "هەڵبژاردنی باوەڕپێکراو و لە کاتی خۆیدا کرۆکی دیموکراسییە".

نێردەی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق پێشتریش چەندجارێک هۆشداریی بە حیزبەکان داوە لە ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردن وسەرپەرشتی چەند کۆبوونەوەیەکیشی کردووە لە نێوانیاندا، بەڵام ھێشتا بێئەنجامن و ڕێککەوتن نییە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لە وادەی خۆیدا کە ١٨-١١ی ئەمساڵە.

پلاسخارت، ١٨ی ئەم مانگەیش لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە دۆخی عێراق، باسی لە دۆخی هەرێم كرد و وتی "ناكۆكییەكانی نێوان دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی هەرێمی كوردستان لە چارەسەر نزیك بووەتەوە".

پلاسخارت هیوای خواست حزبەكانی كوردستان "لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن" و هۆشداریی پێ‌ دان و وتی "دەمەوێت بیری حزبەكانی كوردستانی بهێنمەوە كە كاتمان لەبەردەمدا نەماوە، دەبێت بە شێوەیەكی خێرا لەسەر هەڵبژاردن ڕێككەوتن بكەن".

نێردەی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان جەختی كردەوە كە "پێویستە حیزبەكانی كوردستان جیاوازییەكان وەلانێن و كار لە بەرژەوەندیی گەلی خۆیان بكەن".

پلاسخارت هەروەها ئاماژەی بە "مێژوو و جوگرافیای هەرێمی كوردستان" كرد و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تایبەتمەندییانە وتی "هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان زۆر دواكەوتوون، دواخستنێكی دیكە زیان بە متمانەی ڕایگشتی دەگەیەنێت".