حەلبووسی: پەرلەمان ڕۆژی شەممە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە كۆدەبێتەوە

25-05-2023 11:47

پەرەگراف

حەلبووسی پاش كۆبوونەوەی دوێنیی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند "پرۆژەیاسای بودجە لە تەواوبووندایە و لیژنەی دارایی ئامادەیە ئەمڕۆ پێنجشەممە پرۆژەیاساكە ڕادەستی پەرلەمان بكات".

لە ئەگەری ڕادەستكردنی پرۆژەكە بە پەرلەمان لەمڕۆدا، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتی "پەنا بەخوا ڕۆژی شەممە پەرلەمان دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە دەدات".

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی ١٣-٣-٢٠٢٣ پرۆژەیاسای بوودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەند كرد و لە ڕۆژی ١٦ی هەمان مانگ بە فەرمی ڕادەستی پەرلەمانی كرد.

پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەی بودجەكەدا بە لە سەدا ١٢.٦ جێگیر كراوە، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد.

دوو ڕۆژ دواتر مەسرور بارزانی ڕایگەیاند "پێشوازی لە پەسەندكردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەكەن و بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، میكانیزم و ڕێكاری پێویست دادەنێن بۆ ئەوەی بڕگەكانی ئەم یاسایە لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و عێراق جێبەجێ بكرێت".

حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا دەكات ئەم پڕۆژەیاسایە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لە ماوەیەكی نزیكدا پەسەند بكرێت، تاكو هەرچی زووە بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.