
پەرەگراف
بەهۆی گۆڕانی ئاووهەواوە، هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی وشكەساڵی دەبێتەوە و نزیكەی ٨٠٠ گوند مەترسیی وشكبوونی سەرچاوەی ئاو و چۆڵبوونیان لەسەرە. بۆ بەرەنگاربوونەوەی حكومەتی هەرێم بە هاوكاریی ڕێكخراوی یونیسێف، دەستپێشخەرییەك بۆ دروستكردنی پۆندی گلدانەوەی ئاو لە گوندەكانی كوردستان ڕادەگەیەنێت.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئاو، ڕەزامەندیی لەسەر دروستكردنی "٤١ پۆند" دەربڕیوە و نۆ پۆندی دروست كردووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند "حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی ڕێكخراوی یونیسێف، دەستپێشخەریی (پۆندی هەرەوەزی) بۆ پشتیوانیكردنی ماددی و تەكنیكی لە دروستكردنی پۆندی گلدانەوەی ئاو، لە گوندەكانی كوردستان ڕادەگەیەنێت".
حكومەتی هەرێم دەڵێت "ئەم دەستپێشخەرییە كێشەی كەمئاوی و كاریگەرییەكانی وشكەساڵی كەم دەكاتەوە و دەبێتە سەرمایەیەكی نیشتمانی بۆ گەشەپێدانی كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتیاری".
ئەو پۆندانە لەسەر ڕێڕەوە ئاوییەكانی باراناو دروست دەكرێن، بە مەبەستی نەهێشتنی زیان و مەترسییەكانی لافاو، هەروەها بوونی سەرچاوەیەكی گرنگی ئاو بۆ كەرتەكانی كشتوكاڵ، گەشتیاری و ئاودێری.
ئەو پۆندە هەرەوەزییانە لەسەر بنەمای ڕێنماییی پۆندەكان (ساڵی ٢٠٢٢) بە هاوبەشی لەنێوان حكومەت، گوندنشین و جووتیاران دروست دەكرێن، بە مەرجێك كە سوودی گشتی لەبەرچاو بگیرێت.
حكومەتی هەرێم دەڵێت "هەرێمی كوردستان بەهۆی گۆڕانی ئاووهەواوە ڕووبەڕووی گرفت دەبێتەوە، وەكوو دووبارەبوونەوەی وشكەساڵی، كەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و لێدانی زۆری بیرە قووڵەكان. بە گوێرەی ڕووپێوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاو، نزیكەی ٨٠٠ گوند مەترسیی وشكبوونی سەرچاوەی ئاو و چۆڵبوونیان لەسەرە".
دروستكردنی ئەم پۆندە هەرەوەزییانە، چەند ئامانجێكی هەیە، گرنگترینیان بریتییە لە (پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و كەمكردنەوەی لێدانی بیری قووڵ، سوودوەرگرتن لە زۆرترین بڕی ئاوی ڕۆیشتووی سەرزەوی، ڕزگاركردنی گوندەكان لە وشكبوون و چۆڵبوون و كۆچكردنی جووتیاران).
هەنگاوەكانی دروستكردنی ئەم پۆندە هەرەوەزییانە ئەمانەن:
یەكەم: جووتیار و گوندنشینان، شوێنی دروستكردنی پۆندەكە پێشنیاز دەكەن، دواتر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە ئاودێرییەكان هەماهەنگی دەكەن بۆ بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی زانستی بۆ جێگیركردنی شوێنەكە.
دووەم: وەرگرتنی مۆڵەت، دیاریكردنی شوێن و دیزاینكردن، هەروەها پشكنینیی كیمیایی و فیزیایی بۆ پۆندەكە.
سێیەم: دیاریكردنی ئەندازیار و سەرپەرشتیاری جیۆلۆجی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە ئاودێرییەكان، بە مەبەستی ڕێنیشاندانی خەڵكی گوندەكە و كاركردن لەسەر بنەمای دیزان و ڕێنماییە زانستییەكان.
چوارەم: دوای تەواوبونی پۆندەكە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم هاوكارییانە دەداتە خەڵكی گوندەكە:
⁃ گەڕاندنەوەی ئەو ملیۆن دینارەی وەك بارمەتە لە گوندنشینان وەردەگیردرێت لە سەرەتای دەستپێكی پڕۆژە.
⁃ تێچووی دیزاین و پشكنینی كیمیاوی و فیزیاییی خاكی پۆندەكە.
⁃ تێچووی سەرپەرشتیارانی ئەندازەیی و جیۆلیۆجیی پوندەكە.
⁃پێدانەوەی بەشێك لە تێچووی پۆندەكە.
⁃ئیدارەدانی پۆندەكە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنجومەنێكی گوندەكە و یەكێك لە فەرمانگەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاو.