لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگیدا لەسەر 'گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە'ی فەرمانبەرانی ھەرێم

26-05-2023 12:37
دەنگدانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر ماددەکانی پڕۆژەیاسای بوودجە.

پەرەگراف

سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "هەر ئێستا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگی دالەسەر پێشنیازەکەی نەوەی نوێ بە گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم".

گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە بەڕێژەی لەسەدا ١٠ دەبێت لە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی عێراق.

ھەروەھا ڕێبوار ئەوڕەحمان پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "دواجار گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە بووەبڕگەیەک لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەدا. ئێستا تەنها ماوەتە سەر ئەوەی لە دانیشتنی پەرلەماندا دەنگ لەسەر ئەو بڕگەیە بدرێت، پشتیوان بەخوابەردەوام دەبین لەفشارەکانمان و لۆبیکردن بۆ دەنگدان بەو بڕگەیەو گێڕانەوەی مووچەو مافی دزراوی مووچەخۆرانی هەرێم".

ھاوکات نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری یەکێتی و ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت "ئەمڕۆ یەکێتی ئەو بەڵێنەی بردەسەر وبابەتی (موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم، مافی پارێزگاکانی هەرێمی لە بودجەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان و گەشەپێدانیهەرێمەکان، گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەرێژەی ١٠٪ی مانگانە) لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣،٢٠٢٤ ، ٢٠٢٥ جێگیرکرد".

گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە یەکێک لە داواکارییەکانی مووچەخۆران و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانە، بەڵام حکومەتی ھەرێم تائێستا نەچووەتەژێرباری جێبەجێکردنی ئەو داواکارییە، ھەرچەندە پاشەکەوتی کردووە بە قەرز بەسەرخۆیەوە.

ناوەڕاستی نیسانی ئەمساڵ فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد، داوای کرد بڕگەیەک بۆ پڕۆژەی یاسای بودجەی گشتی عێراق و بەشە بودجەی هەرێم زیاد بکات، بەشێوەیەک مانگانە بڕێک پارە کە لەسەدا ١٠ کەمتر نەبێت بۆفەرمانبەران و مووچەخۆرانی کوردستان بگێڕدرێتەوە تا ئەوکاتەی تەوای مووچە پاشەکەوتکراوەکانیان بۆ دەگێڕدرێتەوە.

ئەو داواکارییەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەکاتێکدایە کە لەئێستادا بودجەی گشتی عێراق لە پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، تیایدا بەشەبودجەی هەرێم بە ڕێژەی لەسەدا 12.67 دیاریکراوە، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد.

سەرەتای ئەم مانگەیش سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغداد سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردو داواکاریی گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی پێ گەیاند.