شاندی هەرێم لە بەغدایە بۆ خولێكی دیكەی گفتوگۆ لە بارەی نەوت‌و بودجە

05-05-2020 07:24


پەرەگراف

شاندی هەرێمی كوردستان چووەوە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن‌و ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی بودجەو نەوت.

شاندەكەی هەرێم ئێوارەی ئەمڕۆ چووەتەوە بەغداد، سە‌میر ھە‌ورامی، گوتە‌بێژی قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگە‌یاند: سەردانی شاندەكە بۆ تە‌واوكردنی گفتوگۆكانە سە‌بارە‌ت بە‌ بودجە‌ و نە‌وت لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق.

گوتەبێژەكەی قوباد تاڵەبانی وتیشی: ئە‌م سە‌ردانە‌ی شاندی ھە‌رێم تە‌واوكە‌ری سە‌ردانە‌كە‌ی ھە‌فتە‌ی پێشووە‌، كە‌ چە‌ندین كۆبوونە‌وە‌یان ئە‌نجامدا و چە‌ند پێشنیازێك خراونە‌تە‌ ڕوو، بۆ چارە‌سە‌ركردنی كێشە‌ی پشكی ھە‌رێم لە‌ بودجە‌ی گشتی عێراق و كێشە‌ی نە‌وت.

هەفتەی ڕابردوو حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق دوای دوو ڕۆژ كۆبوونەوەی چڕ نەگەیشتنە ڕێككەوتن لەبارەی بودجەو نەوت؛ هەرێم ئامادەیە نەوت ڕادەست بكات، بەڵام بەغداد سەقفی داواكارییەكانی بەرزكردووەتەوەو سەرجەم داهاتەكانی داهاتەكانی دەوێت، هەولێر ناچێتە ژێرباری ئەو داواكارییە.

كێشەكانی نەوت‌و بودجە لە نێوان هەرێم‌و بەغداد نوێ نین، بەڵام لە ئێستادا گرنگترین بابەت بۆ هەرێمی كوردستان پرسی ڕاگرتنی مووچەكەیەتی لەلایەن بەغداوە كە بەو هۆیەوە كێشە بۆ دابەشكردنی مووچە دروست بووە.

ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوێكی فەرمیی داوای لە وەزارەتی دارایی عێراق كردووە ناردنی ئەو بڕە پارەیە ڕابگرێت كە مانگانە بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرن، ئەوەشی بۆ پابەند نەبوونی هەرێم بە ڕادەستكردنی داهاتی نەوت گەڕاندووەتەوە، بەوهۆیەوە تا ئێستا بەغداد مووچەی مانگی ڕابردووی بۆ هەرێم نەناردووە.

پێشتر پەرەگراف لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای كورد لە بەغداد ئەوەی ئاشكرا كرد، هەرێمی كوردستان ئامادەیی پیشانداوە بۆ ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە بەرامبەر 900 ملیۆن دۆلاری مانگانە كە بەغداد بینێرێت، ئەمەش بەپێی لێكتێگەیشتنی ساڵی ڕابردووی نێوان هەردوولا، یاخود كۆی مەلەفی نەوت ڕادەست بكات بە مەرجی ناردنی سەرجەم شایستە داراییەكان‌و پارەی كۆمپانیاكانی نەوت، "بەڵام ئێستا بەغداد ئەوەی ناوێت‌و سەقفی داواكارییەكانی بەرز كردووەتەوە".

سەرچاوەكە وتیشی "حكومەتی عێراق داوای سەرجەم داهاتی هەرێمی كوردستان دەكات بە هەموو جۆرەكانییەوە، دەڵێت داهاتی سەرتاسەری وڵات بچێتەوە بەغدادو لەوێوە دابەش بكرێتەوە، حكومەتی هەرێم بەوە ڕازیی نییەو پێیوایە بەوجۆرە مامەڵەی پارێزگای لەگەڵ دەكرێت نەك هەرێمێكی فیدراڵیی كە لە دەستووردا دانی پێدا نراوە".

نەگەیشتنە ڕێككەتنی هەولێرو بەغداد لەكاتێكدایە هەردوولا لەبەردەم قەیرانێكی سەختی دارایی‌ چاوەڕوان كراودان، ئەگەر نرخی نەوت بە خێرایی بەرز نەبێتەوە، ئەو دۆخە كاریگەریی لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی عێراق‌و كوردستان دەبێت.