سەرۆكی هەرێم: داوا لە لایەنەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەكەین پابەندی ڕێككەوتنەكان ‏بن

27-05-2023 10:35

پەرەگراف

سەرۆكی هەرێمی كوردستان "نیگەرانیی قووڵ" لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ناو پرۆژەیاسای بوودجە ‏دەردەبڕێت و داوا لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەكات پابەندی ڕێككەوتنەكان بن.‏

نێچیرڤان بارزانی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "بازدان بەسەر لێكگەیشتن و ڕێككەوتنەكاندا و هەوڵدان ‏بۆ پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، مامەڵەیەكی تەواو ناكۆكە لەگەڵ ‏بەرپرسیاریەتیی نیشتمانیدا و جگە لە نائومێدی و ئاڵۆزكردنی سەقامگیریی دۆخی سیاسیی وڵات، ‏هیچی دیكەی ‌لێ ناكەوێتەوە و زیان بە تەواوی عێراق دەگەیەنێت".‏

دەقی ڕاگەیەندراوی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:‏

بە نیگەرانییەكی قووڵەوە لە دەستكاری و گۆڕانكاری لەو بڕگانەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق ‏دەڕوانین كە پەیوەندییان بە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیه و یەكجاری ڕەتیان ‏دەكەینەوە‌. ئەم هەنگاوە دروستكردنی بەربەستە لەبەردەم پرۆژەیاسای بودجە كە هەموو عێراقییەكان ‏بە ئومێدەوە چاویان لێیە بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو پەسەند بكرێت‎.‎

پابەندی بە ڕێككەوتنی سیاسیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە، بنەمای ئارامی و سەقامگیریی ‏سیاسیی عێراق و هەنگاوی دروستە بەرەو داهاتوویەكی باشتر بۆ وڵات و تەواوی پێكهاتەكانی. بازدان ‏بەسەر لێكگەیشتن و ڕێككەوتنەكاندا و هەوڵدان بۆ پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی ‏كوردستان، مامەڵەیەكی تەواو ناكۆكە لەگەڵ بەرپرسیاریەتیی نیشتمانیدا و جگە له نائومێدی و ‏ئاڵۆزكردنی سەقامگیریی دۆخی سیاسیی وڵات، هیچی دیكەی ‌لێناكەوێتەوە و زیان بە تەواوی عێراق ‏دەگەیەنێت‎.‎

ڕابردوو و ئەزموونەكان سەلماندوویانە كە مامەڵەكردن بە لۆژیكی هێز و زۆرینە و كەمینه و ‏پێشێلكردنی ماف و شایستەكانی پێكهاتەكانی عێراق‌، هیچ كاتێك ئارامی و سەقامگیری بۆ وڵات ‏نەهێناوە و ناهێنێت، بۆیە داوا لە هەموو لایەك و بەتایبەتی لایەنەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی ‏دەوڵەت دەكەین، پابەندی ڕێككەوتنەكان بن و هەموومان لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا ڕەفتار بكەین، ‏لایەنە كوردستانییەكانیش دەبێ یەكڕیز و تەبا بەرگری لە مافە دەستوورییەكانمان بكەن‎.‎

دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە لەسەر بنەمای دەستوور ئامادەی ‏چارەسەركردنی هەموو كێشەكانە و ئەزموونی چەند مانگی ڕابردووی پێكەوەكاركردن و لێكگەیشتن و ‏تەبایی لەنێوان هێز و لایەنە عێراقییەكاندا و كاركردن بە ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی فیدراڵی، ‏مایەی خۆشحاڵیی گەلی عێراق و دۆستەكانی بوو، بۆیە دەبێ برەو بەو ئاراستەیە بدرێت و ڕێگە ‏نەدرێت كەسانێك ببنە هۆی بەلاڕێدابردنی ڕێككەوتنەكان و ئاڵۆزكردنی دۆخەكە‎.‎

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان