سەرۆکی پەرلەمان: هێمن هەوارمی بە تەلەفۆنێکی بارزانی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی بۆ دانیشتنەکەی پەرلەمان زیاد کرد

27-05-2023 02:10

پەرەگراف

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی کۆبوونەوەی ٢٢ی ئایاری پەرلەمان دەکات و دەڵێت، ئەوەی ڕوویدا نایاسایی و ناپەیڕەوییەو ئیرادەی حیزبەکان دەبێت یەکگرتوو و خۆڕاگربێت، کۆمسیۆن بە مردوویی لەدایک بووەو بە تەلەفۆنێکی مەسعود بارزانی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بۆ دانیشتنەکەی پەرلەمان زیاد کراوە.

ڕێواز فایەق دەڵێت "هێشتا مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەدابوون هێمن هەورامی وتی دەبێت بڕگەیەک بۆ کۆبوونەوەی سبەینێ زیاد بکرێت لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، وتم ڕازی نیم هێشتا وەفدەکەمان لە پیرمامەو لە کۆبوونەوەدان، نایکەم و دایمەنێ چونکە قبوڵی ناکەم. وتی من جەنابی سەرۆک پێی گوتووم بیکەن، لەبەردەمی ئێمەدا تەلەفۆنێکی بۆ هات وتی ئەوە جەنابی سەرۆکە پێم دەڵێت بیکەو دەبێ بکرێ وتم تۆ بیکە ئێمەش دەزانین چی دەکەین".

لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا پارتی و پێکهاتەکان و چەند حیزبێکی دیکە کۆمسیۆنیان کارا کردەوەو شوێنی دوو ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیارانیان پڕکردەوە کە بڕیارە سبەینێ لە ئەنجومەنی دادوەریی متمانەیان پێ بدرێت، هەرچەندە یەکێتی و حیزبەکانی دیکە دانی پێدا نانێن.

"داواکارم ئەنجومەنی دادوەریی رۆڵی یاسایی و ئەخلاقی و پیشەیی خۆی ببینێت و نەبێتە بەشێک لە پڕۆسەیەکی نایاسایی کە بەڕێوەدەچێت، چونکە یەکێتی بژاردەی دیکەی هەیە بۆ ڕاگرتنی ئەو مەهزەلەیە" سەرۆکی پەرلەمان وادەڵێت.