مەسرور بارزانی: ئەو گۆڕانکارییانەی لە پشکی هەرێم لە بودجەدا کراون، ناپاکی و پیلانگێڕییەو ناهێڵین سەر بگرێت

27-05-2023 04:11
مەسرور بارزانی لەمیانی قسەکردنی بۆ جوتیارانی دەشتی زرارەتی لە سەردانەکەی ئەمڕۆیدا

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، ئەو گۆڕانکارییانەی لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا کراون، "ناپاکی و ستەمکاری و پیلانگێڕییە لە دژی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە دەبینە و ناهێڵین سەر بگرێت".

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دەشڵێت "ئەوەی جێی داخە ئەو دەستە ناوخۆییەیە کە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە. لەوەش خراپتر، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەدەسکەوت بۆ خۆیان بزانن. بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە ئەمە هەوڵێکی نەزۆکە و سەر ناگرێت".

ئەو پەیامەی مەسرور بارزانی لە سەردانێکیدا بووە بۆلای جوتیاران لە دەشتی زرارەتیی لە پارێزگای هەولێر کە بەشداری لە دروێنەکردنی دانەوێڵە لەو دەڤەرە کرد، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت ئەوەش دەخاتەڕوو، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە جووتیارانی دەڤەرەکە، "جەختمان لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵی دەخاتەگەڕ لە پێناو گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان، بە شێوەیەک کە نابێت خەمی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان هەبێت".