بزووتنەوەی گۆڕان داوای كۆبوونەوەی لووتكەی پارتە سیاسییە سەرەكییەكان دەكات

27-05-2023 04:19

پەرەگراف

بزووتنەوەی گۆڕان دەستپێشخەرییەكی بۆ چارەسەی كێشەی نێوان لایەنەكان سەبارەت بە پرسی ‏هەڵبژاردن ڕاگەیاند و داوای كۆبوونەوەی لووتكەی پارتە سیاسییە سەرەكییەكان دەكات‎.‎

گۆڕان لە دەستپێشخەرییەكەیدا دەڵێت "بۆ ڕێگەگرتن لە بەردەوامیی ئەم دۆخە و لێكترازانی زیاتر، ‏هەروەها ڕێگەنەدان بە پێشێلكردنی یاسا و بنەماكانی سازانی نیشتمانی، هیچ كۆبوونەوەیەكی ‏كۆمسیۆن بە پێویست نازانین".‏

دەقی دەستپێشخەرییەكەی بزووتنەوەی گۆڕان:‏

پاش چەندین هەوڵی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هێوركردنەوەی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و ‏چارەسەری ناكۆكییەكان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمیەكانەوە، جارێكی دیكە پرسی كاراكردنەوەی ‏كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان لێكترازانێكی تری دروستكرد‎. ‎

بزوتنەوەی گۆڕان لە (٣١-٣-٢٠٢١)دا پڕۆژەیەكی بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ‏كوردستان پێشكەشكرد. داوای كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی كرد لە پێناوی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ‏لەكاتی یاسایی خۆیدا، بەڵام بۆ ئەم پرسە هیچ هەنگاوێكی پراكتیكی نەنرا. دواجار پێنج لایەنی ‏سەرەكی لە (١١-٣-٢٠٢٣) ڕێكەوتنێكیان ئیمزاكرد كە ئەم دوپرسە ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە و ‏پێویستە بەسازان و هاوتەریب هەموار و كارا بكرێنەوە‎.‎

بزوتنەوەی گۆڕان سیاسەتی سەربەخۆی خۆی هەیە، كە پێداگرییە لە بنەما یاساییەكان و گەڕانەوەی ‏شكۆ بۆ دامەزراوەكان، بۆ ڕێگەگرتن لەبەردەوامی ئەم دۆخە و لێكترازانی زیاتر، هەروەها ڕێگەنەدان بە ‏پێشێلكردنی یاسا و بنەماكانی سازانی نیشتمانی هیچ كۆبونەوەیەكی كۆمسیۆن بەپێویست نازانین‎.‎

وەكو ئەركی نیشتمانی و سیاسی لەپێناو دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ چارەسەری ناكۆكیەكانی هەرێم و ‏پێشهاتە نوێیكانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و دورخستنەوەی مەترسی لەسەر گوزەرانی خەڵك و ‏پاراستنی قەوارەی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان داوای كۆبونەوەی لوتكەی پارتە سیاسییە سەرەكیەكان ‏دەكات‎.‎

بزوتنەوەی گۆڕان
‏٢٧ی ٥ی ٢٠٢٣‏