بارزانی پەیام بۆ سوودانی دەنێرێت؛ هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر نیگەرانییەکانی هەرێم کۆدەبێتەوە

28-05-2023 01:14

پەرەگراف

مەسعود بارزانی پەیامی بۆ سەرۆکوەزیران و سەرکردە عێراقییەکان ناردووە لەبارەی دەستکاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجە، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش کە حکومەتی پێکهێناوە لەسەر نیگەرانییەکانی هەرێم لەوبارەیەوە کۆدەبێتەوە.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتی راگەیاند، سبەینێ هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق کۆدەبێتەوە، دەشڵێت "رێگە نادەین ئەو دوو ماددەیە بە رەشنووسە نوێیەکە تێپەڕێت، بەڵکو دەبێ بەوشێوەیە بێت کە هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەسەری رێککەوتوون".

جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ئەوەش دەخاتەڕوو، تا ئەو کاتەی رێککەوتنی سیاسی لەسەر هەردوو ماددەی 13 و 14 نەکرێت کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان، "دانیشتنەکانی پەرلەمانمان راگرتووە، بەشێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت".

"سەرکردەکانی شیعە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەی ماددەی 13 و14 نین" شاخەوان عەبدوڵا وادەڵێت.

هەر لەسەر هەمان پرس و گۆڕانکاریی لەو دوو مادەیەی پڕۆژەیاساکە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە نیگەرانیی تووندی حکومەتی هەرێمی بەدواداهات، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداد ڕایگەیاند، پەیامی مەسعود بارزانی گەیشتووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردەکانی دیکەی عێراق.

حکومەتی هەرێم ئەو گۆڕانکارییانەی لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا کراون، بە "ناپاکی و ستەمکاری و پیلانگێڕیی لە دژی هەرێمی کوردستان" ناو دەبات.

"بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە دەبینە و ناهێڵین سەر بگرێت"، مەسرور بارزانی وادەڵێت، دەشڵێت "ئەوەی جێی داخە ئەو دەستە ناوخۆییەیە کە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە. لەوەش خراپتر، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەدەسکەوت بۆ خۆیان بزانن. بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە ئەمە هەوڵێکی نەزۆکە و سەر ناگرێت".

پڕۆژەیاسای بوودجە چی تێدایە دەربارەی ھەرێمی کوردستان؟

بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کە لە لیژنەیدارایی پەرلەمان پەسەند کرا، پارەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم لە بانکی ناوەندیی عێراقدادەنرێتو وەزیری دارایی عێراق دەسەڵاتی خەرجکردنی دەداتە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم.

چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەیاساکە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، ماددەکانی ١٣ و ١٤ تایبەتن بەھەرێمیکوردستان لە پشکی لە بوودجە وفرۆشتنی نەوت و مەرج و پابەندییەکانی نێوان ھەولێرو بەغداد.

لە ماددەی 13، ئەوە خراوەتەڕوو کە پاكتاوی حساباتی ساڵەكانی 2004 بۆ 2022ی ھەرێم دەکرێت و هەرێم پابەند بێت بەهەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەلە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق، ھەروەھاحكومەتی هەرێم پابەند بێت بە ناردنی داهاتە نانەوتییەكان بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵی.

لە بەرامبەردا حكومەتی ناوەندیی پابەند دەبێت بە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، ھاوکات حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت كە قەرزەكانی بانكی بازرگانی عێراقی(TBI) بداتەوەبە قیستی مانگانە.

لەبارەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم و داھاتەکەی ومووچەی فەرمانبەران، لە ماددەی 14ی پڕۆژەیاساکەدا ھاتووە: وەزارەتی دارایی عێراق داهاتی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان لەهەژمارێكی بانكیدا لە بانكی ناوەندیی دادەنێت بەبێ ئەوەی هیچ لێبڕینێك، بۆ هەرمەبەستێك ئەنجامبدرێت، وەزارەتی درایی لە ژێرچاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتیخەرجكردن دەداتە سەرۆكی حكومەتی هەرێمبیان هەركەسێك كە خۆی دەسەڵاتی پێبدات، ئەم هەژمارە لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە وردبینی تێدا دەكرێت.

لەبارەی دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان ھەولێرو بەغداد، لە پڕۆژەیاساکەدا ئەوە جێگیرکراوە کە ئەگەر لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا ناکۆکییەکە چارەسەر نەکرێت ئەوا شایستە داراییەكانی هەرێم دەبڕدرێت و کار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكرێت-بەپێی بڕیارەکە ھەناردەوفرۆشتنی نەوتلەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە نادەستورییە-.

ھەربەپێی پڕۆژەیاساکە، ڕێگری دەکرێت لەدەرهێنانی نەوتی كێڵگەكانی كەركوك و موسڵ كە ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی  حكومەتی هەرێمدان، ھەروەھا حكومەتی عێراق پابەنددەبێت کە بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێمدەروازە سنووریەكان بەڕێوەبەرێت وسەرپەرشتی بكات.

لەبارەی دابەشکردنی مووچە؛ حکومەتی ھەرێمپابەندکراوە بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران وخانەنشینان و پێدانی زانیاریی لەسەر فەرمانبەرانی (شارستانی و سەربازی) بەوەزارەتی دارایی عێراق، ئەگەر حکومەتی ھەرێم بە دادپەروەریی مووچە دابەش نەکات وناڕەزایی دروست ببێت، ئەوا حكومەتی فیدڕاڵی پشكی پارێزگای ناڕازیی لە بەشە بودجەی ھەرێم دەبڕێت و ڕاستەوخۆ دەیداتە پارێزگاکە.

لەگەڵ ئەوانەشدا حكومەتی هەرێم پابەند کراوەبە گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی ساڵانی پیشوو بە ڕێژەی لەسەدا ١٠ لەبەشە بوودجەکەی.