نێچیرڤان بارزانی: پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان هەرگیز قبووڵكراو نییە

28-05-2023 09:04

پەرەگراف

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێك ئاراستەی لایەنە پێكهێنەركانی حكومەتی عێراق دەكات و دەڵێت "مایەی نیگەرانییەكی قووڵ و بێئومێدییە، ئەگەر هەندێك لایەن تەگەرە بخەنە بەردەم ڕێككەوتنەكان و لێكتێگەیشتنی نێوان لایەنەكان".

پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی لە كاردانەوەی گۆڕانكارییەكانی ناو پرۆژەیاسای بوودجەدایە و دەڵێت "ئەم جۆرە مامەڵەیە و هەوڵدان بۆ پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، هەرگیز قبووڵكراو نییە و هیچ سوودێك بە عێراق و سەقامگیریی وڵات ناگەیەنێت".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتارێكدا لە پێنجەمین خولی دەرچووانی خوێندكارانی زانكۆی ئەمریكیی كوردستان - دهۆك، ئاماژەی ڕێككەوتنی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ دامەزراندنی حكومەتی عێراق كرد و وتی "دوای ئەو ڕێككەوتنە جۆرێك لە سەقامگیریی سیاسی هاتووەتە ئاراوە".

نێچیرڤان بارزانی پێشهاتە نوێیەكانی تایبەت بە بوودجەی بە "ئەزموونێكی شكستخواردوو كە هەمیشە بە زیانی هەموو عێراق و پێكهاتەكانی تەواو بووە" ناو برد. هەروەها داواى لە هەموو لایەك كرد "پابەندی ڕێككەوتنەكان بن و سەقامگیریی وڵات بپارێزن".

"ڕێگەی ڕاست و دروست بۆ تێپەڕاندنی كێشە و قەیرانەكان لە عێراق، پابەندبوونە بە ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنی نێوان لایەنەكان بە گشتی و لایەنەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە تایبەتی"، نێچیرڤان بارزانی وای وت.

سەرۆكی هەرێم جەختیشی كردەوە كە "دەبێت هەموومان پەند و وانە لە ڕابردوو وەربگرین، چ لە عێراق و چ لە هەرێمی كوردستان، خەڵك ئیتر لە كێشە و ناكۆكیی سیاسی بێزار و ماندوو بووە، هەموومان دەبێت بەخۆماندا بچینەوە".