وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی هەرێم ئازاد کراو دەروازەکانی عێراق بەڕووی بەرهەمەکانیاندا دەکرێنەوە

29-05-2023 03:45
مەسرور بارزانی لە دەشتی زرارەتی بەشداریکرد لە دروێنەکردنی گەنمی جوتیاران، ٢٨-٥-٢٠٢٣

پەرەگراف

وەزیری کشتوکاڵی هەرێم ڕایگەیاند، وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان ئازاد کراو چەندیان هەبێت لێیان وەردەگیرێت.

بێگەرد تاڵەبانی، دەڵێت "لەمەودوا جووتیاران دەتوانن گەنمەکانیان ڕاستەوخۆ تەسلیمی سایلۆکان بکەن، بەپێی ئەو پشتیگرییەی لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆیان دەکرێت".

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، دەشڵێت "بڕیار درا بە کردنەوەی دەروازەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە ڕووی هەناردنی بەرهەمی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستاندا".

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بڕیاریدابوو بۆ ئەمساڵ 375 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت، ئەوەش ناڕەزایی حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوە.

بۆ چارەسەری ئەو نیگەرانییانە، ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لە بەغداد لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانیی عێراق کۆبووەوەو ئەو کێشەیە چارەسەر کرا.

دوو ڕۆژە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سایلۆکان دەستیپێکردووە و پڕۆسەکە بەردەوامە.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی پێشتر ڕاگەیاند، 40 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و  دوای ئەوەی جووتیارەکان گەنمیان رادەستدەکەن، شایستە داراییەکانیان پێ دەدەرێت.