لەسەر داوایەکی ئاسایشی سلێمانی سەرنوسەری ماڵپەڕی سپی میدیا چوار کاتژمێر دەستبەسەر کرا

29-05-2023 05:57
شوان محەمەد سەرنوسەری سپی میدیا

پەرەگراف

لەسەر داوایەکی ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ شوان محەمەد سەرنوسەری ماڵپەڕی سپی میدیا، لە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیس لە سلێمانی بۆ چوار کاتژمێر دەستبەسەر کراو دۆسیەکەشی بە یاسای ڕۆژنامەگەریی بۆ نەکراوەتەوە.

شوان محەمەد بە پەرەگرافی وت "دوێنێ لەلایەن بنکەی پۆلیسی بەختیارییەوە ئاگادارکرامەوە کە داوایەکی یاسایم لەسەرەو دەبێت پەیوەندییان پێوە بکەم، دوای چوونم و کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، بۆم ئاشکرا بوو کە ئاسایشی سلێمانی داواکەی لەسەر هەواڵێکی ماڵپەڕەکەمان تۆمار کردووەو بە یاسای پەیوەندییەکان تۆمەتم ئاڕاستە کراوە".

"داواکە لەسەر رووداوەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ بووە کە فڕۆکەکانی ئێران هێرشیان کردۆتە سەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز لە نزیک سلێمانی و، بارەگاکانی حزبی دیموکرات لە کۆیە و ناوچەکانی تری نزیک هەولێر" سەرنوسەری سپی میدیا وای وت.

شوان محەمەد وتیشی "بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری لە سلێمانی دەستبەسەر کرام، مامەڵەی پۆلیسی بنکەکە جێگای رێز و سوپاس بوو، پاشان بە کەفالەتی ٥٠٠ هەزار دینار تا رۆژی دادگاییکردن ئازاد کرام".

لەكاتێكدا یاسایەكی تایبەت بە ڕۆژنامەگەری هەیە لە كوردستان و بەركارە، بەڵام ھێشتا بەشێك لەو سکاڵایانەی لە دژی ڕۆژنامەنووسان تۆمار دەکرێن بە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنن کە سزای تووندی تێدایە، ئەوەش بەردەوام جێگەی ڕەخنەی ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی ڕۆژنامەنووسان بووە.

یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە ساڵی 2008دا دەرچووە بە ئامانجی سزادانی ئەوانەی هەوڵدەدەن مۆبایل و ئینتەرنێت بۆ بێزاركردن و لەكەداركردنی هاوڵاتیان بەكاربهێنن نەك كاری ڕۆژنامەوانی.

ماددەی دووەمی یاساكە، بۆتە مۆتەكە بۆ ڕۆژنامەنووسان و هەندێكیش وەك چەكێك دژ بە ئازادی ڕادەربڕین و نوسین دەیبینن، بەوپێیەی دەیان ڕۆژنامەنووس و ئازادیخواز لەسەر نووسینێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەو ماددەیە ڕاپێچی دادگا دەكرێن.