حکومەتی هەرێم: لەگەڵ بەغداد سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوانمان

30-05-2023 02:33

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ بەغدادو نیگەرانییەکانی لەسەر دەستکاریکردنی ئەو ماددانەی پڕۆژە بوودجەی عێراق، کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە دەگەیەنێتە نوێنەرانی وڵاتانی بیانیی.

 بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ لە هەولێر هەر یەک لە سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و جوتیار عادل وتەبێژی حکومەت، لەگەڵ کونسوڵ و نووسینگەو نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە وتەبێژی حکومەت ڕایگەیاند، جەختیان لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم پابەندە بەو رێککەوتنە سیاسییەی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردوویەتی، هەروەها بەردەوامە لە گفتوگۆ و دانووستان لەگەڵ حکومەتی عێراق.

"حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق سوورن لەسەر ئەوەی رێککەوتنی نێوانیان جێبەجێ بکرێت" جوتیار عادل وای وت.

وتەبێژەکەی حکومەت ئەوەشی خستەڕوو، نوێنەرانی وڵاتانی بیانیی لەگەڵ ئەوەدان دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم پابەندی ڕێککەوتنی نێوانیان بن و وەکخۆی جێبەجێی بکەن.